فراكسیۆنی پارتی داوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكات

1 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان بە ئاستێكی بەرزی بەشداریكردن و بە بەرپرسیارێتییەوە دەنگیان داوە بۆ پاراستنی ئایندەی هەرێم، بەڵام بە داخەوە تا ئێستا پەرلەمان كارا نییە و نەیتوانیوە ئەركە یاساییە چاوەڕوانكراوەكانی لە سیستەمی حوكمڕانیدا جێبەجێ بكات.
باس لەوەشكراوە، ئێستا بانگهێشتی سەرجەم فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكات تا پێكەوە رێكار و ئەركەكانی دانیشتنی یەكەم تەواو بكەن و دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێرن، وەك سەرەتایەكی پێویست بۆ بەدەمەوەچوونی داخوازیی چین و توێژەكان لە پێناو پەلەكردن لە كاراكردنەوەی ئەو دامەزراوەیەدا.
فراكسیۆنی پارتی دووپاتیكردەوە، كە پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و بەرژەوەندییە باڵاكانی، لە ئەستۆی سەرجەم فراكسیۆن و پەرلەمانتاراندایە، پێداگریش دەكات لەسەر ئەوەی كاراكردنەوەی پەرلەمان نابێت ببەسترێتەوە بە هیچ بەرژەوەندی و ململانێیەكی سیاسی و حزبییەوە، لەبەر ئەوەی ئەم پرسە گرێدراوی شەرعییەتی دەنگی هاوڵاتییان و مانەوەی قەوارەی هەرێمە.
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا، فراكسیۆنی پارتی هیوای خواستووە ئەم دۆخە نالەبارە تێپەڕێنرێت و لە رێگەی دیدێكی هاوبەش و كاراكردنەوەی دامەزراوەی پەرلەمانەوە، رێز لە ماف و ئیرادەی خەڵكی كوردستان بگیرێت و هەنگاو بەرەو قۆناغێكی نوێی كاری یاسادانان و حوكمڕانی لە سەرجەم رووەكانەوە بنرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group