وەزیری ناوخۆی هەرێم: جموجۆڵی رۆژانەی داعش هەیە و قوربانیشی لێ دەكەوێتەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ماوەیەكی درێژە بە درۆن و مووشەك هێرش دەكرێتە سەر هەرێمی كوردستان لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان شوێنێكی ئارام و پەناگەیە بۆ هەر كەسێك پێویستی بە پاراستن بێت،وتیشی، ئێمە نابینە بەشێك لە كێشەكانی ناوچەكە و هەڕەشەش بۆ سەر هیچ وڵاتێكی دراوسێ دروست ناكەین، هەربۆیە هیچ بیانوویەك بۆ بەئامانجگرتنمان بوونی نییە و داوا دەكەین هەمووان رێز لەم هەڵوێستە بگرن.
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، رێبەر ئەحمەد جەختی لەوە كردەوە كە بەتایبەت لە دوای كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان، پێویستییەكی زۆر هەیە كە هەردوولا لە ئاڵوگۆڕی زانیاری، ئەنجامدانی چالاكیی هاوبەش و داڕشتنی ستراتیژ هەماهەنگییەكانیان زیاتر بكەن، دەستووری هەمیشەیی عێراقیش مەرجەعی سەرەكییە بۆ چارەسەری كێشەكان.
هاوكات پشتیوانیی هەرێمی كوردستانی بۆ كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی عەلی زەیدی دووپاتكردەوە تاوەكو بەرنامەكەی سەركەوتوو بێت لە هێنانەدیی سەقامگیری، راشیگەیاند كە لەگەڵ وەزیری نوێی ناوخۆی عێراق پەیوەندی و هەماهەنگیی ئەمنیی بەردەوامیان دەبێت.
لە لایەكی دیكەەوە، وەزیری ناوخۆ ئەو بۆچوونانەی رەتكردەوە كە باس لە كۆتاییهاتنی مەترسییەكانی رێكخراوی داعش دەكەن و ئاشكرایكرد، زانیارییە هەواڵگرییەكان پشتڕاستی دەكەنەوە كە جموجۆڵی رۆژانەی داعش هەیە و قوربانیشی لێ دەكەوێتەوە.
رززنیشیكردەوە، چەكدارانی ئەو رێكخراوە سود لە بۆشاییە ئەمنییەكان دەبینن، هەربۆیە ئەو 2 لیوا هاوبەشەی پێشتر لەگەڵ بەغدا پێكهێنراون بەس نین و پێویستە لە رێگەی درێژەدان بە گفتوگۆكان، لیوای هاوبەشی زیاتر لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەكان پێكبهێنرێت.