قائیمقامیەتی سلێمانی بڵاویكردەوە، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەكان بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی و رێگریكردن لە بڵاوبونەوەی نەخۆشی، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت لە ناوچەی تانجەرۆ هەڵمەتێكی فراوانیان بۆ تێكدانی ئەو كێڵگەی سەوزانە ئەنجامدا كە بە ئاوەڕۆ ئاو دەدرێن.
لەوبارەیەوە بابان ئەحمەد سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكان رایگەیاندوە: ئەم هەڵمەتە بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان و بەشی زیادەڕۆیی لە سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی ئەنجامدراوە بەمەبەستی تێكدان و لەناوبردنی تەواوی ئەو كێڵگەی سەوزانەی بەهۆی بەكارهێنانی ئاوی پیس و نەشیاوەوە مەترسی لەسەر تەندروستی هاوڵاتیان دروستدەكەن.
ئاماژەی بەوەشكردوە، بەرهەمی ئەم كێڵگانە بەهیچ جۆرێك گونجاو نین بۆ خواردن و بەكارهێنانیان دەبێتە هۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشییە مەترسیدارەكانی وەك كۆلێراو ژەهراویبونی كۆئەندامی هەرس، چاودێرییەكان بەردەوام دەبن و رێگە بەهیچ كەسێك نادرێت تەندروستی هاوڵاتیان بكاتە قوربانی دەستكەوتی ماددی.