مەسرور بارزانی: حكومەتی عێراق بەڵێنيان پێداوين بۆ دابینكردنی مووچە

17 خولەک پێش ئێستا

نەوا-
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئاماژەی بەوە كرد، ئێستا پەرلەمانێكی كارامان هەیە و داوا دەكەین هەر لایەنێكی سیاسی كە خەمخۆری كوردستانە، بێت لە پەرلەمان گفتوگۆ بكات.
باسی لەوەشكرد، لەسەر بنەمای دەستوور قسەمان لەگەڵ حكومەتی عێراق كردووە و بەڵێنمان پێدراوە بۆ دابینكردنی مووچە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، مەسرور بارزانی باسی لە پرسی لافاوەكەی دوایی هەولێر كرد و وێڕای دەربڕینی سەرەخۆشی بۆ كەسوكاری قوربانییان رایگەیاند، بارانبارینی زۆر هۆكاری سەرەكیی دروستبوونی لافاوەكە بووە، بەڵام قەیرانی دارایی بەشێك بووە لە كێشەكان.
وتیشی، رەنگە ئەگەر رێنماییەكان جێبەجێ بكرێن زیانەكان كەمتر بن، لێكۆڵینەوەش لە هەر كەمتەرخەمییەك دەكرێت و هەوڵی جدی دەدەین بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان.
لە بارەی دۆخی ئەمنی و هێرشەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆر، سەرۆك وەزیران ئاشكرای كرد كە هەولێر و بەغدا هاوڕان لەسەر ئەوەی نابێت ئەو جۆرە هێرشانە دووبارە ببنەوە و سەركۆنەی دەكەن، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەكی هاوبەش لە نێوان هەرێم و بەغدا پێكهێنراوە بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشەكە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group