بەبۆنەی رۆژی جیهانیی نەخۆشی شەكرەوە وەزارەتی تەندروستی پەیامێكی بڵاوكردەوە

2 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
بەبۆنەی رۆژی جیهانیی نەخۆشی شەكرەوە وەزارەتی تەندروستی هەرێم بڵاویكردەوە، شەكرە یەكێكە لە باوترین نەخۆشییە درێژخایەنەكان كە پێویستی بە هۆشیاریی بەردەوام هەیە بۆیە پێویستی بەردەوامی بە بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری كۆمەڵگە لەسەر مەترسییەكانی ئەم نەخۆشییەو هاندانی شێوازی ژیانی تەندروست و پشتگیریكردنی ئەو كەسانە هەیە كە بەدەست ئەم نەخۆشییەوە دەناڵێنن.
ئاماژەشیكردوە، بەپێی ئامارەكان لە شاری هەولێر بۆ مانگەكانی رابردو كۆی گشتی 1637 حاڵەتی نوێی توشبون بە شەكرە تۆمار كراون، هەروەها لە سلێمانی  تا مانگی10ی رابردو 3334 نەخۆش سەردانی سەنتەری شەكرەو كۆێرەگلاندەكانیان كردوەو چارەسەرو پشكنینی پێویستیان بۆ كراوە كە ئەمەش بۆ رۆشنبیری تەندروستی دەگەڕێتەوە هاوڵاتی سەردانی سەنتەرە پسپۆڕییەكان دەكەن و تەمەنی نێوان 45 بۆ 64 ساڵ  1919 نەخۆش بون كە زۆرترین رێژەی سەردانیكەران پێكدەهێنن.

ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەكەیە:-

ڕۆژی جیهانیی شەکرە بۆنەیەکی جیهانییە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگە لەسەر مەترسییەکانی ئەم نەخۆشییە، هاندانی شێوازی ژیانی تەندروست، و پشتگیریکردنی ئەو کەسانەی کە بەدەست ئەم نەخۆشییەوە دەناڵێنن. شەکرە یەکێکە لە باوترین نەخۆشییە درێژخایەنەکان کە پێویستی بە هۆشیاریی بەردەوام هەیە.
 نەخۆشی شەکرە چییە و جۆرەکانی؟
نەخۆشی شەکرە (Diabetes Mellitus): نەخۆشییەکی درێژخایەنە کە تێیدا جەستە ناتوانێت بە شێوازێکی دروست هۆرمۆنی ئەنسۆلین بەرهەم بهێنێت یان ناتوانێت بە شێوازی پێویست ئەنسۆلینی بەرهەمهاتوو بەکاربهێنێت. ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەکر (گلۆکۆز) لە خوێنیدا.
جۆرەکانی شەکرە:
Bullet شەکرەی جۆری یەکەم (Type 1): سیستەمی بەرگریی لەش بە هەڵە هێرش دەکاتە سەر خانەکانی پەنکریاس و لەناویان دەبات، کە دەبێتە هۆی ئەوەی لەش هیچ ئەنسۆلینێک بەرهەم نەهێنێت. ئەم جۆرە زیاتر لە منداڵان و گەنجاندا باوە و پێویستی بە وەرگرتنی هۆرمۆنی ئەنسۆلین هەەیە بۆ ژیان.
Bullet شەکرەی جۆری دووەم (Type 2): لەش بەرگری بەرامبەر ئەنسۆلین دەكات، یان پەنکریاس ئەنسۆلینی پێویست بەرهەم ناهێنێت. ئەمە باوترین جۆرە و زیاتر لە گەورەساڵاندا دەبینرێت، کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە شێوازی ژیان و کێشەوە هەیە.
شەکرەی دوگیانی (Gestational Diabetes): 
لە کاتی دوگیانیدا لە هەندێک خانمدا دەردەکەوێت و معمولەن دوای منداڵبوون نامێنێت، بەڵام مەترسیی تووشبوونی داهاتووی زیاد دەکات.
 هۆکارەکانی تووشبوونی منداڵ بە شەکرە
لە منداڵاندا، زۆرتر شەکرەی جۆری یەکەم باوە، هۆکارە سەرەکییەکانی ببریتیین لە:
هۆکاری بۆماوەیی: بوونی مێژووی 
خێزانی و جینات ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن.
هۆکارە بەرگرییەکان: تێکچوونی سیستەمی بەرگری لەش و هێرشکردنە سەر خانەکانی پەنکریاس.
هۆکارە ژینگەییەکان: هەندێک لە هەوکردنە ڤایرۆسییەکان لە تەمەنی مناڵیدا لەوانەیە ببنە هۆی تحریککردنی نەخۆشییەکە لەو منداڵانەی کە بۆماوەییەکیان هەیە.
(تێبینی: لەم ساڵانەی دواییدا بە هۆی قەڵەوی و نەبوونی جووڵەوە، هەندێک حاڵەتی شەکرەی جۆری دووەمیش لە منداڵاندا دەبینرێت).
 هۆکارەکانی تووشبوونی گەوران بە شەکرە
لە گەوراندا، زۆرتر شەکرەی جۆری دووەم باوە و هۆکارەکان ببریتیین لە:
•قەڵەوی و کێشی زیادە: بەتایبەت کۆبوونەوەی چەوری لە دەوروبەری ناوچەی سک (زک).
•کەمیی جووڵە و وەرزش نەکردن: 
دانیشتنی زۆر و نەبوونی چالاکیی جەستەیی ڕۆژانە.
تەمەن: مەترسی تووشبوون دوای تەمەنی ٤٥ ساڵی زیاتر دەبێت.
مێژووی خێزانی: بوونی نەخۆشییەکە لە دایک، باوک یان خوشک و برایاندا.
خۆراکی نەگونجاو: خواردنەوەی شەکرەکان، خواردنی خێرا (Fast Food)، و کەمخواردنی ڕیشاڵ و سەوزەوات.
بەرزەپەستانی خوێن و بەرزی چەوریی خوێن.
 چۆنیەتی خۆپاراستن (تاکێکی ئاسایی چ بکات؟)
بۆ ئەوەی کەسێکی ئاسایی خۆی بپارێزێت و تووشی شەکرەی جۆری دووەم نەبێت، پێویستە ئەم ڕێکارانە بگرێتە بەر:
پەیڕەوکردنی خۆراکی تەندروست: کەمکردنەوەی خواردنی شیرینی، خواردنەوە گازدارەکان، هەروەها زیادکردنی خواردنی سەوزە، میوە و دانەوێڵەی تەواو.
ئەنجامدانی وەرزشی بەردەوام: ڕۆژانە لانیکەم ٣٠ خولەک وەرزشی سووک وەک ڕۆیشتن (پیاسە) ئەنجام بدرێت.
پاراستنی کێشی لەش: دوورکەوتنەوە لە قەڵەوی و کۆنتڕۆڵکردنی کێشی لەش.
وازهێنان لە جگەرەکێشان و نێرگەلە: چونکە جگەرەکێشان کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرگەگرتنی لەش بەرامبەر ئەنسۆلین هەیە
 پشکنینی پێشوەختە بۆ کەسی ئاسایی (توش نەبوو)
دەستنیشانکردنی پێشوەختە کلیلی سەرەکییە بۆ ڕێگریکردن لە ئاڵۆزییەکانی شەکرە. کەسێکی ئاسایی و تەندروست پێویستە ئەم هەنگاوانە بنێت:
ئەنجامدانی پشکنینی ساڵانە: پشکنینی خێرایی شەکری خوێن (FBS - Fasting Blood Sugar) کە لە بەیانیاندا بە گەدەی خاڵی دەکرێت، یاخود پشکنینی کەمبوونی شەکری کەڵەکەبوو (HbA1c).
کەی پێویستە پشکنین بکرێت؟
هەر کەسێک کە تەمەنی سەروو ٤٥ ساڵە، ساڵانە پێویستە پشکنین بکات.
ئەو کەسانەی کێشیان زۆرە یان مێژووی خێزانییان هەیە، تەنانەت لە تەمەنی گەنجتریشدا دەبێت پشکنینی پزیشکیی دوربینی ئەنجام بدەن.
 ئامار و پێشکەوتنی کەرتی تەندروستی لە هەولێر
خۆشبەختانە لە ئێستادا کەرتی تەندروستی لە شاری هەولێر پەرەسەندن و پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە لە بواری دەستنیشانکردنی پێشوەختە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی بە هاووڵاتیان.
بەپێی ئامارەکانی سەنتەری گەلیاوە لە شاری هەولێر بۆ مانگەکانی ڕابردوو، کۆی گشتی (١٦٣٧) حاڵەتی نوێی تووشبوون بە شەکرە دەستنیشان کراون و تۆمار کراون، کە ئەمەش نیشانەی کارا بوونی سیستەمی چاودێری و پشکنینی پێشوەختەیە لەم سەنتەرەدا. وردەکاری ئامارەکان بەم شێوەیەن:
گەورەساڵان: ١٢٩٥ کەس
منداڵان: ١٥١ کەس
ئاوارەکان: ١٩١ کەس
ئەم ژمارە بەرچاوە گرنگیی هۆشیاریی پزیشکی و پێویستیی پشکنینی بەردەوام دەردەخات، بۆ ئەوەی حاڵەتەکان لە قۆناغی سەرەتاییدا کۆنتڕۆڵ بکرێن و ڕێگری لە نەخۆشییە لاوەکییەکان بګیرێت.
هەروەها لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی (لە ١ تا ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦) لە سەنتەری شەکرە و کۆێرەگلاندەکان، ئامارەکان بەمشێوەیەی خوارەوەن:
١. کۆی گشتیی سەردانیکەران
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا کۆی گشتیی (٣,٣٣٤) نەخۆش سەردانی سەنتەری شەکرە و کۆێرەگلاندەکانیان لە سلێمانی کردووە و چارەسەر و پشکنینی پێویستیان بۆ کراوە کە ئەمەش بۆ ڕۆشنبیری تەندروستی دەگەڕێتەوە هاوڵاتی سەردانی ئەم سەنتەرە پسپۆڕییە بکات.
٢. دابەشبوونی نەخۆشەکان بەپێی ڕەگەز
ئامارەکە ئەوە دەخاتە ڕوو کە ڕێژەی سەردانیکەران لە نێوان هەردوو ڕەگەزدا بەم شێوەیە بووە:
رەگەزی نێر: ١,٤٢٣ نەخۆش
رەگەزی مێ: ١,٩١١ نەخۆش
ئاوارەکان: ٦١ نەخۆش (لەناو کۆی گشتیی سەردانیکەراندا)، و ئەوانی تریش دانیشتووی ڕەسەنی شاری سلێمانی بوون.
٣. دابەشبوونی نەخۆشەکان بەپێی تەمەن
لەسەر ئاستی تەمەنی سەردانیکەران، سەنتەرەکە خزمەتگوزاری پێشکەش بە چین و توێژە جیاوازەکان کردووە بەم شێوەیە:
سەروو ٦٥ ساڵی: ٨٢٦ نەخۆش
تەمەنی نێوان (٤٥ - ٦٤) ساڵی: ١,٩١٩ نەخۆش (کە زۆرترین ڕێژەی سەردانیکەران پێکدەهێنن)
تەمەنی نێوان (٢٠ - ٤٤) ساڵی: ٥٥٠ نەخۆش
خوار ٢٠ ساڵی: ٣٩ نەخۆش
ئەمانەی سەرەوە ئەوە دەگەیەنن کە کردنەوەی سەنتەرە پسپۆڕییەکان سەرکەوتوبون لە هەرێمی کوردستان لەبەدەست هێنانی ئامانجی سەرەکیان کە بریتیە لە پاراستنی تەندروستی کۆمەڵگا و خزمەت کردنی چارەخواز لەهەرێمی کوردستان ، هەروەها دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشی شەکرە ئەمەش بۆ ئەوەی چارەسەربکرێت و نەخۆش هەر لەقۆناغی سەرەتادا دەست بە چارەسەر وەرگرتن بکات و نەخۆشییەکە تێ بپەڕێنێت .

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group