پارێزگاری نوێی كەركوك هەڵبژێردرا

57 خولەک پێش ئێستا

نەوا-
دوای دەستلەكاركێشانەوەی محەمەد سەمعان پارێزگاری پێشوی كەركوك، ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆبوەوەو قەحتان وەنداوی كاندیدی بەرەی توركمانی وەك پارێزگاری نوێ هەڵبژارد. 
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بڵاوكرانەوە، پێشتر رێككەوتنی هەمو لایەنە سیاسییەكان لەسەر هەڵبژاردنی وەنداوی وەك پارێزگاری نوێی كەركوك كراوە.
لەلایەن خۆشیەوە زاهر عاسی ئەندامی فراكسیۆنی عەرەبی لە ئەنجومەنی پارێزگاكە لەلێدوانێكدا ئاماژەی بەوەكردوە، رێككەوتن هەیەو گەرەنتیان پێدراوە لە سەرەتای ساڵی نوێوە پۆستی پارێزگار بە پێكهاتەی عەرەبی بدرێت واتا پارێزگای نوێی توركمان تا سەری ساڵ دەستبەكاردەبێت و دواتر دەستلەكاردەكێشێتەوە. 
ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 16 كورسی پێكدێت، لەهەڵبژاردنی 18ی كانونی یەكەمی 2023دا لایەنە كوردییەكان حەوت كورسی، پێكهاتەی عەرەب شەش كورسی، بەرەی توركمانی دوو كورسی و پێكهاتەی كریستیان یەك كورسیان بەدەستهێنا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group