حزبی شیوعی كوردستان: دژی سیاسەتی زۆنگەرایی و پارچەپارچەكردنی هەرێمین

1 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
حزبی شیوعی كوردستان كۆبونەوەیەكی ناڕەزایی ئەنجامداو داوایانكرد لایەنە سیاسییەكان بگەڕێنەوە لای گەل و بەرژەوەندییە نیشتیمانییەكان بخەنە سەرو بەرژەوەندییە حزبییەكانەوە.
كۆبونەوە ناڕازییەكەی حزبی شیوعی كوردستان لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان لە بەردەم بارەگاكانیان بەڕێوەچو بە دروشمی (هەرێمێكی یەكگرتومان دەوێت) ئەنجامدرا لە راگەیەنراوێكیشدا ئاماژەیان بەوەكرد كە پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان روبەڕوی قەیرانێكی قوڵی نەخوازراو و سەرگەردانی بوەتەوە، ناكۆكییە حزبییەكان و دواخستنی پێكهێنانی كابینەی نوێ، لەگەڵ باڵادەستی زۆنەكان بۆ حوكمڕانی و ئابوریی مەترسین.
راشگەیەنراوە، بە توندی دژی سیاسەتی زۆنگەرایی، پارچەپارچەكردنی هەرێم و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتن، پێیانوایە كێشە سیاسی و ئابورییەكان تەنها لەڕێگەی دیالۆگی نیشتمانی ریشەیی و لەسەر مێزو گفتوگۆیەكی كراوەدا چارەسەر دەكرێن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group