تەڤگەری ئازادی: حكومەت وەڵامی داواكاریەكانمان بۆ وەرگرتنی مۆڵەت نەداتەوە

12/02/2019

 

تەڤگەری ئازادیی رایدەگەیەنێت، كە لە دوای داخستنی بارەگاكانیانەوە، بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی حزب لە هەرێمی كوردستان، سەردانی هەریەكە لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، دەزگای ئاسایشی هەرێم و پارێزگای سلێمانییان كردووە، بەڵام تا ئێستا وەڵام نەدراونەتەوە.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ، تارا حسێن، وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی بەیاننامەیەكی دەربارەی هەوڵەكانیان بۆ وەرگرتنی مۆڵەت خوێندەوە و تێیدا بە ئاماژەدان بەوەی مانگی رابردوو سەردانی وەزارەتی ناوخۆ، پارێزگای سلێمانی و دەزگای ئاسایشیان كردووە بۆ رایی كردنی كاروبارەكانی مۆڵەت، بەڵام وەڵامنەدراونەتەوە، رایگەیاندووە: كۆتا جاریش سەرلەنوێ دۆسیەیەكی نوێمان لە 30 كانوونی دووەمی 2019 پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزایران كرد و سەرجەم مامەڵەكانمان بۆ وەرگرتنی مۆڵەت پێشكەشكردوون.
لە بەیاننامەكەدا، تەڤگەری ئازادیی دەڵێت: سەرجەم دامودەزگاكانی حكومەت بە بڕیاری سیاسیی بەڕێوەدەبرێن، ئەوە ئەوانن پێشێلی یاسا دەكەن نەك ئێمە، ڕۆژانەش فشار لەسەر ئەندام و لایەنگرانمان هەیە و بەبێ بوونی بڕیاری دادوەر، زۆر جار ئەندام و لایەنگرانمان دەستگیردەكرێن، بۆیە مەترسی گەورە لەسەر ئازادیی ڕادەربڕین هەیە لەم هەرێمە و پاراستنی گیانی ئەندام و لایەنگرانمان لە ئەستۆی دەسەڵاتدایە.
ڕۆژی 25ی تشرینی دووەمی 2018، حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە داخستنی ئەو حزب و ڕێكخراوانەی كە مۆڵەتیان لە هەرێمی كوردستان نییە، لەو چوارچێوەیەدا سەرجەم بارەگاكانی تەڤگەری ئازادیی لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین داخران.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group