پزیشكێكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی چاو هۆشداریدەداتە هاووڵاتیان

05/03/2019

نەوا-كاروان مەحمود


پزیشكێكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی چاو هۆشداریدەدات لە بەكار هێنانی ئاوی دۆمەڵان بۆ نەخۆشییەكانی چاو ئەوەش ئاشكرا دەكات بەهۆی بەكارهێنانییەوە لە رۆژانی رابردوو ژمارەیەك هاووڵاتی توشی كێشەی تەندروستی بوونەتەوە.
د. نەهلا مەحمود پسپۆڕی نەخۆشییەكانی چاو بۆ رادیۆ نەوا وتی: " لەرۆژانی رابردوو لەرێگەی چەند گرتە ڤیدیۆیەكەوە كە لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان بڵاو كراوەتەوە باس لە بەكارهێنانی ئاوی دۆمەڵان دەكات بۆ كێشەكانی تەندروستی چاو، ژمارەیەك هاووڵاتی كاریان پێ كردووە بەبێ ئەوەی هیچ بنەمایەكی زانستی هەبێت تەنها لەسەر قسەی كەسانێك گوایە بەناوی دینەوە ئەو چارەسەریان دیاریكردووە كە رەنگە بەوجۆرە باس نەكرابێت توشی چەند كێشەیەك بوونەتەوەو سەردانی نەخۆشخانەیان كردووە".
د. نەهلا مەحمود كە یەكێكە لە پزیشكە پسپۆڕەكانی چاو لە نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ لە سلێمانی ئەوەشی وت: "لە رۆژانی رابردوو ژمارەیەكی زۆر نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی كردووەو ژمارەیەك لەو نەخۆشخانە باسیان لەوەكردووە لە دوای بەكارهێنانی ئاوی دۆمەڵانەكە توشی هەستیاری و ئازاری چاوبوون، دواتر كە سەردانی نەخۆشخانەیان كردووە چارەسەریان بۆ كراوە".
د. نەهلا مەحمود پسپۆڕی نەخۆشییەكانی چاو رێنمایی هاووڵاتیانی كرد بەوەی، پێویستە هەرشتێك بەكاردەهێنن لەرووی زانستییەوە پشكنینی بۆ كرابێت و بە پێی رێنمایی پزیشك بۆ نەخۆش دیاری بكرێت تاوەكو توشی كێشەی تەندروستی نەبن و زیانیان پێ نەگات. 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group