پێشنیار دەكرێت حكومەتی هەرێم چارەسەری مووچە پاشەكەوتكراوەكانی فەرمانبەران بكات

08/05/2019

نەوا -دانیار فاروق

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: زیاتر لە دوو مانگە پاكێجی چاكسازی لە سیستمی مووچەی فەرمانبەران دراوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان بەڵام تا ئێستا گفتوگۆی لەبارەوە نەكراوە.
شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكی تایبەتدا بە رادیۆ نەوای راگەیاند، وەك فراكسیۆنی یەكگرتوو لە بەرواری (18ی شوبات)ی ئەمساڵ پڕۆژە یاسای رێكخستنەوەی مووچەی فەرمانبەران و دروستكردنی هەژماری بانكی بۆ فەرمانبەران داوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، كە تێیدا بابەتی بندیوار و فرە مووچە و نایاساییەكانی تێدا چارەسەركراوە، بەڵام ئەوان چاوەڕێی ئەوەن سەرۆكایەتی پەرلەمان كاری لەسەر بكات".
سەبارەت بە پشتیوانیكردنی فراكسیۆنەكانی تر لە پڕۆژە یاساكە، شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو رایگەیاند، پشتیوانی فراكسیۆنەكانی تری ناو پەرلەمان بۆ پڕۆژە یاساكەی ئەوان، چاوەڕێ دەكەن لەناو هۆڵی پەرلەمان دەركەوێ‌ تا چەندە پشتیوانی لێدەكرێت، وتیشی: دەبێت چاوەڕوان بن هەتا ئەو پڕۆژە یاسایە بێتە هۆڵی پەرلەمانەوە و دەرەنجام زیاتر لە 100 ملیار دینار بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group