لە عیادەی لاكۆڵان چی دەگوزەرێت؟

15/05/2019

نەوا
بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵكردنی هێنان و دروستكردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستی پزیشكی لە كوردستان لە رێی پەیجی خۆیەوە لە فەیسبوك چیرۆكی دەستبەسەرداگرتنی عیادەیەكی لاكۆڵان بە نمونە دەگێڕێتەوە، كە دەرمانی تێكەڵەی بە هاووڵاتیان داوە و ئێمەش وەك خۆی بڵاویدەكەینەوە:

شەوێكی زستان بوو ، جەو سارد و ساماڵ بوو ، كات ڕێك نوێژی ئێوارە بوو ، لیژنەكەمان بۆ پەیداكردنی بەڵگەی تەواو لەسەر ئەو زانیاریانەی پێمان درابوو كەسێكی نارد ، زانیاریە پێدراوەكان لەسەر نۆرینگەكە بریتیوون لەوەی " لە نۆرینگەكە لە ناو بتڵی ئاو تێكەڵەیەك بۆ نەخۆش ئەگیرێتەوە بۆ چارەسەری كۆكە و هەستیاری و سەرمابوون" ، بۆیە ئێمەش ئەو كەسەمان نارد ، لە عیادەكە گوتبووی كە سەرمای بووە و قوڕگی ئاوساوە ، ئەوانیش ڕێك تێكەڵەكەیان بۆ ئامادەكردبوو.

تێكەڵەكە بەو شێوەیە ئامادە دەكرا :
نیو بتڵ ئاوی خواردنەوە.
پاودەری ڤۆڵتفاست.
پاودەری ئەسپجیك.
حەبێكی فەواری مەڵتی ڤیتامین.
حەبێكی فەواری ڤیتامین سی.
حەبێكی هاڕاوی بێتامیتازۆن.
حەبێكی هاڕاوی لۆراتیدین.
كەپسولێك ئەمۆكسیلیشی بەسەردا كرابۆوە.

دوای تێكەڵكردنی هەموو ئەو دەرمانانە لەناو نیو بتڵ ئاوی خواردنەوە ، تێكەڵەیەكی خەستی دەرمان دروست دەبوو ، بۆ چارەسەركردنی قوڕگ ئێشە و سەرمابوون درابووە كەسەكە و چەندان نەخۆشی تر.

ئێمە كە تێكەڵەكەمان وەرگرت بەسەر نۆرینگەكەمان دادا ، بینیمان مێردمنداڵێكی لێیە ، دوای چەندین پرسیار ، دوو بۆ سێ پرسیاری جواب دایەوە ، كە گوایە پۆلی یانزەی ئامادەییە و لەگەڵ باوكی كاری تێكەڵە ئەكات.

بەڵێ ئەو تێكەڵەیە لەو عیادە لاكۆڵانە ئەدرایە نەخۆش ، لەكاتێكدا ئەو تێكەڵەیە هیچ بنەمایەكی زانستی و ویژدانی نەبوو و كەسێكی مێردمنداڵیش ئەنجامیدەدا.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group