"چاوەڕواندەكرێت ئاژاوەو گرفتێكی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەران سەرهەڵبدات"

16/05/2019
بینای پارێزگای نەینەوا

نەوا-كاروان مەحمود 
راوێژكاری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت، ژمارەیەك لە كوتلە سیاسیەكانی پەرلەمانی عیراق نیگەرانن لە دیاریكردنی پارێزگاری نوێی نەینەواو چاوەڕوانی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عیراق دەكەن. 
كامەران باجەلان راوێژكاری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە رادیۆ نەوا راگەیاند، بۆ دانانی پارێزگاری نەینەوا كێشمەكێش لە نێو كوتلەی میحوەر دروستبووە كە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بەشێكە لەو كوتلەیە و هەندێك ئاماژە بەوەدەكەن كە كوتلەی فەتح بەتایبەت فالح فەیاز كاریگەری هەبووە لە دیاریكردنی پارێزگاری نوێی پارێزگاكەو هەندێك ئەندامی ئەنجومەنەكە لە بەرانبەر دیاریكردنی پارەیان وەرگرتووە.
وتیشی: "ژمارەیەك لە فراكسیۆنەكان چاوەڕوان كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكەن تاكو ئەو پرسە بخرێتە گفتوگۆی پەرلەمان و پارێزگای نەینەوا هەڵبوەشێتەوە، جگە لەوەش هەوڵی دیكە هەیە تەنها پارێزگای نەینەوا نەبێت بەڵكو پارێزگای بەسرە، ئەنبار و دیالەش هەڵبوەشێتەوە".
ئاشكراشیكرد، بەهۆی ئەو ناڕەزایەتیانەوە چاوەڕواندەكرێت ئاژاوەو گرفتێكی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەران سەرهەڵبدات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group