نه‌وا
دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر ئێران بخوازێت ده‌ست به گفتوگۆ و دیالۆگ بكات ئه‌وه ئێمه‌ش هه‌نگاوى ئیجابى ده‌نێین". ده‌شڵێت "ئێران دانوستاندنی ده‌وێت".
دۆناڵد ترامپ ئێستا به سه‌ردانێك له تۆكیۆی پایته‌ختی ژاپۆنه و له میانی دیداریدا له‌گه‌ڵ شینزۆ ئابی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و وڵاته وتی "پێموایه ئێران ده‌خوازێت دیالۆگ بكه‌ین، ئه‌گه‌ر ئه‌و ویسته‌یان هه‌بێت، ئه‌وا ئێمه‌ش هه‌مان ئاره‌زومان هه‌یه".
وتوشیه‌تی "كه‌س نایه‌وێت ببینێت شتى خراپ رووده‌دات، بڕوام وایه تاران ده‌یه‌وێت دانوستاندن بكه‌ین".
ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌یه، كه سه‌رۆك وه‌زیرانی ژاپۆن ده‌یه‌وێت سه‌ردانی تاران بكات. له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ترامپ وتی "با بزانین چی روده‌دات، به‌ڵام راستییه‌ك ده‌زانم ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، كه سه‌رۆك وه‌زیران (ئابی) په‌یوه‌ندی پته‌وی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی ئێران هه‌یه، كه‌سیش نایه‌وێت روداوی تۆقێنه‌ر ببینێت".
سه‌ره‌ڕاى هه‌ڵكشانى گرژیه‌كانى نێوان ئه‌مریكا و ئێران هه‌ردوو وڵات له رێگه‌ى وتار و لێدوانه‌كانیانه‌وه باس له‌وه‌ده‌كه‌ن جه‌نگیان ناوێت، به‌ڵام به‌پێى زانیاریه‌كان باڵى "هه‌ڵۆكان" له‌ئیداره‌ى ئه‌مریكا، كه له‌لایه‌ن جۆن بۆڵتۆن راوێژكارى ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و وڵاته و مایك پۆمپیۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێت، هه‌وڵى ئه‌وه ده‌ده‌ن دۆناڵد ترامپ رازى بكه‌ن هێرشى سه‌ربازى بكاته‌سه‌ر ئێران.