زانیاری ورد لەسەر كێشەكانی پێوەری ئاوی ماڵان ئاشكرا دەكرێت

پێش 3 هەفتە سەعید عەبدوڵڵا، رۆژیار سیروان

ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتیان ناڕەزایەتی دەردەبڕن لەسەر گەڕانەوەی پارەیەكی زۆر لە ئەنجامی بەكارهێنانی ئاوی ماڵان و بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی ئاماژە بەوەدەدات، خوێندنەوەی هەوا لە پێوەری ئاو شتێكی ئاساییە داوا لە هاووڵاتیانیش دەكات مانگانە چاودێری پێوەرەكانیان بكەن. بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت "لە سەرانسەری هەرێمی كوردستاندا هەزار دۆسیەی هەڵە خوێندنەوەی پێوەری ئاو هەیە".
سەربەست عوسمان بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی لە بەدواداچونێكی رادیۆ نەوادا سەبارەت بە كێشەی خوێندنەوەی پێوەری ئاوی ماڵان، رایگەیاند، پێوەری ئاو شتێكی دادپەروەرە و نێودەوڵەتییە و شتێك نییە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەرێم دایهێنابێت، بەڵام هەندێكجار ئەگەری هەیە یان پێوەر یاخود سیستەم كێشەی تێدابێت، ئەگەر بە داتا قسە بكەین رێژەی ئەو ماڵانەی پارەیەكی زۆریان بۆ رۆیشتۆتەوە بریتییە لە 1.5% بۆ 2%، واتە رێژەیەكی زۆر كەم ئەو كێشەیەی هەیە و نزیكەی لە 78%ی هاووڵاتیان بڕی پارەكەیان لە خوار 50 هەزار دینارەوە بۆ گەڕاوەتەوە.
وتیشی "بەپێی ئەو ئەزموونەی هەمانە و بینیومانە لەوڵاتانی تر، پێوەری ئاو، هەوا دەخوێنێتەوە بەتایبەت لەو شوێنانەی بەردەوام ئاو نییە وەكو هەرێمی كوردستان، ئەگەر بەردەوام ئاوی تێدابێت ئەوا هەوا ناخوێنێتەوە، بەڵام لەكاتی ئاوبڕاندا دوبارە دەگەڕێتەوە دواوە، بەكۆی گشتی ئەو بڕە پارەیەی بەهۆی هەواوە دەگەڕێتەوە بۆ هاووڵاتیان، رێژەیەكی زۆر كەمە".
هەروەها ئاماژەی بەوەدا، ئەو هاووڵاتیانەی كێشەی پێوەری ئاویان هەیە، پێویستە سەردانی كۆمپانیای پەیوەندیدار بكەن و ئەوان چاودێریان هەیە، چونكە ئەگەر هەیە لەلایەن چاودێرەكانەوە هەڵەیەك ئەنجامدرابێت و سفرێكی بۆ زیاد كردبێت، بۆ نمونە ئەگەر ماڵێك 17 مەتر ئاوی بەكارهێنابێت، ئەوا لە پێوەرەكەدا 170 مەتر دەخوێنێتەوە، هەندێك لە پێوەرمان هێناوە، كە لە سەروو ملیۆنێك دیناری بۆ هاتۆتەوە، تەماشا دەكەین كێشە لە پێوەرەكەدا هەبوە. 


بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی داواش لە هاووڵاتیان دەكات بۆ ماوەی یەك مانگ لە سەرەتا و كۆتایی مانگدا پشكنین بۆ پێوەرەكانیان بكەن، ئەوكات دەزانن چەند مەتر ئاویان بەكارهێناوە.
هەروەها رونكردنەوە دەدات و دەڵێت "لەدوای مانگی 7ی ئەمساڵەوە مانگانە بڕی 2 هەزار دینار كەمتر لە كۆی گشتی پارەی گەڕاوە بۆ هاووڵاتیان وەردەگیرێت، ئەوەش لەپای كڕینی پێوەری ئاوە و بەماوەی 20 مانگ سەرجەم پارەی كڕینی پێوەرەكە بۆ هاووڵاتی دەگەڕێنرێتەوە".
لەلایەكی دیكەوە، مەسعود كاڕەش بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە ئێستادا بڕی پێویستی ئاو بەرهەمدەهێنرێت. 
مەسعود كاڕەش لە پرێس كۆنفرانسێكدا لە هەولێر وتی "بۆئەوەی مافی هاووڵاتیان لە زیاد و كەمی بەكارهێنانی ئاو وەك یەك بێت پێوەری ئاو دانراوە و لە مانگی یەكی ساڵی 2019شەوە دەستكراوە بە خوێندنەوەی پێوەرەكان، كە سێ كۆمپانیا كارەكان ئەنجام دەدەن و كاریان تەنها كۆكردنەوەی كرێی ئاوە".


لەبارەی خوێندنەوەی پێوەرەكان، مەسعود كاڕەش وتی "لە هەرێمی كوردستاندا 863 هەزار هاوبەشی ئاو هەیە، ئەگەری خوێندنەوەی هەڵەی پێوەرەكانیش هەیە و بەو شێوەیە هاووڵاتیان دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاوی ناوچەكانیان بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان".
بەگوێرەی داتاكان، لە كۆی 863 هەزار هاوبەش نزیكەی هەزار هاوبەش لە سێ ملیۆن دیناریان زیاتر بۆ گەڕاوەتەوە، 374 هاووڵاتیش لەنێوان دوو تا سێ ملیۆن دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە، هەروەها 2 هەزار و 733 هاووڵاتی لەنێوان 500 هەزار تا یەك ملیۆن دیناریان بۆ هاتۆتەوە، لە بەرانبەریشدا 9 هەزار و 448 هاوبەشی ئاو لەنێوان 250 هەزار دینار تا 500 هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە، ئەو هاوبەشانەی بڕی 100 هەزار تا 250 هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە 5 هەزار و 85 هاوبەشن، هەر لە خوێندنەوەی پێوەرەكان ئەو هاوبەشانەی لەنێوان 50 هەزار تا 100 هەزار دیناریان بۆ هاتۆتەوە 30 هەزار و 245 هاوبەشن، ئەوانەشی لە نێوان 25 هەزار دینار تا 50 هەزار دیناریان بۆ هاتۆتەوە، ژمارەیان 86 هەزار و 237 هاووڵاتین. هەروەها ئەو هاوبەشانەی لە 25 هەزار دیناریان بۆ هاتۆتەوە 727 هەزار و 317 هاوبەشن، كە ئەوەش بەتەنها كۆی 84%ی رێژەی هاوبەشانی ئاوی هەرێمی كوردستانن.
مەسعود كاڕەش باسی لەوەكرد، كە رۆژانە دوو ملیۆن مەتر دووجا ئاوی پاك بۆ سەرانسەری كوردستان بەرهەمدەهێنرێت و بەسەر هاووڵاتیانی كوردستاندا دابەش دەكرێت، كاتێكیش كێشە دروست دەبێت بەهۆی بەفیڕۆدانەوەیە.
لە كۆتایی قسەكانیشیدا، مەسعود كاڕەش بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان باسی لەوەكرد بەهۆی بەستنی پێوەرەكانی ئاوەوە، خەرجییەكانی تۆڕەكانی ئاو و شەب و كلۆر و خەرجی كارەبا كەمبۆتەوە و بەردەوامیش دەبین لە تەواوكردنی پرۆسەی بەستنی پێوەرەكان، كە دەبێت لەسەرانسەری هەرێمی كوردستاندا ببەسترێت و ئەوەیشی نەیبەستێت بەپێی رێنماییەكان سزای دارایی بەسەردا دەسەپێنرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group