ناتانیاهوو هێرشی وڵاتەكەی بۆ سەر حەشدی شەعبی لە عێراق پشتڕاست دەكاتەوە

20/08/2019 جیهان

نەوا
بنیامین ناتانیاهوو سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ناڕاستەوخۆ ئەو دەنگۆیانە پشتڕاست دەكاتەوە، كە لە بارەی هێرشی وڵاتەكەی بۆ سەر چەند بنكەیەكی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق بڵاوكرابوونەوە.
ناتانیاهوو لە میانی گشەتەكەی بۆ ئۆكرانیا و لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان لە وڵامی پرسیارێك لە بارەی ئەوەی ئاخۆ ئیسرائیل لە پشت ئەو هێرشانەوەیە كە لە عێراق كراونەتە سەر حەشدی شەعبی وتی: ئێران هەڕەشەی لە ناوبردنی ئیسرائیل دەكات و ئێمەش لە هەر شوێنێك پێویست بێت دەیانكەینە ئامانج.
باسی لەوەشكرد، هیچ شوێنێك بۆ ئێران پارێزراو نییە.
هێزەكانی حەشدی شەعبی كە بە نزیك لە ئێران دادەنرێن لە ماوەكانی رابردوودا چەند جارێك لە دیالە و سەڵاحەدین كراونەتە ئامانجی هێرشی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی نەناسراو و دوایین پێشهاتیش، كە تەقینەوەی كۆگایەكی چەكی ئەو گروپەبوو لە نزیك بەغدا بە گوماناوی ناوبراوە و لەسەرجەمیاندا ئیسرائیل بە ئەنجامدەری هێرشەكان ناوبراون.
ئیسرائیل چەندجارێك رایگەیاندووە، بۆ رێگری لە جێپێی قایمكردنی زیاتری ئێران لە ناوچەكە، هێزەكانی سەر بە تاران دەكاتە ئامانج.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group