هەولێر.. پێشانگایەكی كەلوپەلی ئەڵمانی بەڕێوەچوو

پێش 3 هەفتە نەوا

بەمەبەستی پەرەپێدانی كەرتی بازرگانی لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا، نوسینگەی پەیوەندییەكانی پیشەسازی و بازرگانی ئەڵمانی لە عیراق، پێشانگایەكی بۆ ژمارەیەك كۆمپانیا لە یەكێتی ژوورەكانی بازرگانیی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان لە هەولێر كردەوە.
لە پێشانگاكەدا لایەنە پەیوەنددارەكانی وەك كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر ئامادەیبوون و تیایدا ئاماژەیان بە رۆڵی ئەڵمانیا و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە دا.
لە پێشانگاكەدا، كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وتی: "ئێمە رۆڵ و پێگەی ئەڵمانیا لە دوای روخانی رژێم و دواتریش لە شەڕی ئەم دواییەی دژ بە تیرۆریستانی داعش بەرز دەنرخێنین كە ئەڵمانیا رۆڵێكی گرنگی هەبوو بۆ پاراستنی خەڵكی كوردستان، ئەڵمانیا یەكێك لە وڵاتە پێشكەوتووەكانە لەبواری بازرگانی و، لەم چوارچێوەیەشدا حكوومەتی هەرێم لە پەیوەندییەكی پتەودایە".
وتیشی: "لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ٨٩ كۆمپانیای ئەڵمانی تۆماركراون، ئەم ژمارەیە لە ئاستی هیوا و خواستی ئێمەدا نییە، بۆیە لێرەوە بەناوی وەزارەتی بازرگانی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، داوا لە بازرگانان و وەبەرهێنەران و كۆمپانیا ئەڵمانییەكان دەكەین كە لقەكانییان لە هەرێمی كوردستان بكەنەوە، ئێمەیش لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو كار ئاسانییەك دەكەین بۆ كۆمپانیا ئەڵمانییەكان".
هەر لە رێوڕەسمەكەدا، د.ئەیوب گەڵاڵی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی پلاندانان وتی: "ئەوەی لای ئێمە ئاشكرایە ئەركی نوسینگەكەتان بریتییە لە كاراكردن و بەهێزكردنی بارودۆخی دارایی لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا، ئێمە ئەو راستییە دەزانین كە بەرهەمەكانی كۆمپانیا ئەڵمانییەكان كێبڕكێی باشترین بەرهەمەكانی دونیا دەكەن لە رووی كوالێتی و پێشكەوتندا، هیوادارین كۆمپانیا ئەڵمانییەكان لقی كۆمپانیاكانییان لە هەرێمی كوردستان بكەنەوە بۆ ئەوەی زیاتر برەو بە باری ئابووری بدەن".
ئەیوب گەڵاڵی وتیشی: "ئێمە دەزانین پێشكەوتنی بارودۆخ و رەوشی بازرگانی پێویستی بە ریفۆڕم هەیە، لەم چوارچێوەیەشدا لەگەڵ هاوبەشەكانمان لە ئاژانسەكانی یوئێن و ئەوانی دیكەش كارمان كردووە بۆ ئەوەی بتوانین برەو بە كەرتی بازرگانی بدەین لە هەرێمی كوردستان، لە وەزارەتی پلاندانانیش ئامادەین بۆ هەر هاوكاری و هەماهەنگییەك لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەی دەیانەوێت وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستاندا بكەن".
لەم پێشانگایەدا ژمارەیەك لە كۆمپانیا ئەڵمانییەكان بەشدارن و بە گوتەی یاریدەدەری بەڕێوەبەری نوسینگەی پەیوەندییەكانی پیشەسازی و بازرگانی ئەڵمانی لە عێراق، ئامانجیان لەكردنەوەی ئەم پێشانگایە پتەوكردنی پەیوەندییە بازرگانییەكانە لەنێوان هەرێمی كوردستان و  وڵاتی ئەڵمانیا.
لەوبارەیەوە خانزاد ئازاد یاریدەدەری بەڕێوەبەری نووسینگەی پەیوەندییەكانی پیشەسازی و بازرگانی ئەڵمانی لە عیراق لەلێدوانێكیدا وتی: "ئەم پێشانگایە لە 19 كۆمپانیا پێكهاتووە كە كۆمپانیای كوردی و عێراقی سپۆنسەریان كردووە و ئامانج لێی ئەوەیە كە كەرتی تایبەتی ئەڵمانیا و كوردستان پەیوەندییان هەبێت و بە دڵنیاییەوە ئەو كەسانەی هاتوون زیاتر لە بوارە جیاوازەكان كار دەكەن و نموونەی بەرهەمەكانییان نمایشكردووە".
خانزاد ئازاد وتیشی: "لە ساڵی 2017 قەبارەی بازرگانی نێوان ئەڵمانیا و عێراق بەرەو پێشەوە چووە و ئامانجی ئێمەش ئەوەیە كە زیاتر پەرە بە كەرتی بازرگانی بدرێت و ئەم پێشانگایەش كاریگەری لەسەر پەرەپێدانی ئەم كەرتە هەیە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group