وەزیری پلاندانانی هەرێم: سەبارەت بە ئەنجامدانی سەرژمێریی هەست بە مەترسی دەكەین

20/09/2019

نەوا
دارا رەشید وەزیری پلاندانانی هەرێمی كوردستان دەڵێت،سەبارەت بە ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێریی لەعێراق، ئێمە هەست بە مەترسی بۆ سەر كورد دەكەین و ئەو مەترسییەش تەنها كورد هەستی پێ ناكات بەڵكو لای توركمان و مەسیحی و كلدانەكانیش ئەو هەستە هەیە.
بڕیارە ساڵی داهاتوو سەرژمێری گشتی لە عێراق بەڕێوەبچێت، سەبارەت بە هەڵوێست و پلانی هەرێمی كوردستان بۆ بەشدارییكردنییان لە ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێریی لە عێراق، وەزیری پلاندانانی هەرێمی كوردستان وتی: "لیژنەیەكی باڵا پێكهاتوە لە ئەنجومەنی وەزیران، منیش هێندەی شەڕم لەسەر كورد كرد، ئەوەندەش شەڕم لەسەر توركمان كردوە چونكە زوڵم لەوانیش كراوە. پێمان وایە كەركوك ناوچەیەكی كوردستانییە و هەمو پێكهاتەكان تێیدا دەژین، لە هەولێریش كورد نەتەوەی یەكەمە و توركمان نەتەوەی دوەمە، كولتوری پێكەوەژیان هەیە و، پێمان وایە كوردستان شوێنی كورد و توركمانە، توركمان بەشدارە لە پڕۆسەی سیاسیی لە هەرێمی كوردستان، بۆ نمونە سكرتێری پەرلەمان لە نەتەوەی توركمانە و، لە حكومەتیشدا وەزیری توركمان هەیە و ئەوە هەمو ئەو راستیانە دەگەیەنێت كە كوردستان وڵاتی هەموانە".
لەبارەی دواپێشهاتەكان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێریی لە عێراق، وەزیری پلاندانانی هەرێمی كوردستان وتی"ئێمە رێگاچارەیەك پێشنیار دەكەین كە خزمەتی هەمو هاوڵاتییان دەكات بەبێ لەبەرچاوگرتنی نەتەوە، پێشتر شەڕی كورد و توركمان بو كە زوڵمیان لێكرابو، بەڵام دوای شەڕی داعش برا ئێزدی و مەسیحییەكانیش گۆڕانكاریی دیمۆگرافی بەسەر ناوچەكانییاندا هاتوە و، ئەو رێگاچارانەی باسمان كردوە لەگەڵ شاندی بەغدا، پێشوازیی لێكراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ناتوانین بەشداری لە پڕۆسەیەكدا بكەین ئەگەر ئاساییكردنەوەی رەوشی تێدا نەبێت".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group