جێگری سەرۆكی پەرلەمان: هەوڵدەدەین لەسەرئاستی سەرۆكایەتییەكان قسە لەسەر دۆخی رۆژئاوا بكەین

09/10/2019

نەوا-سەعید عەبدوڵڵا-هەولێر
هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، دڵ و دەرونیان لەگەڵ رۆژئاوای كوردستانە و پێیانوایە هێرش بۆسەر ئەو پارچەیەی كوردستان رێگری لە مافی هاووڵاتی و ئازادیە مەدەنیەكانی كورد دەكات لە سوریادا.
هێمن هەورامی لەلێدوانێكدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن وتی "لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا هەموو بەیەكەوە هاوكارین بۆ بەرزكردنەوەی ناو و ناوبانگی پەرلەمانی كوردستان، سیاسەتی هەموو فراكسیۆنەكان و سەرۆكایەتییە وەك تیم بەشداری دەكەین و ناوبانگی هەرێم بەرزدەكەینەوە، هەروەها پەیوەندییەكان و كلتوری بەیەكەوەژیان بە گەلان بناسێنین".
لەبارەی هێرشی چاوەڕوانكراوی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان دەڵێت "دڵ و دەرونمان لە رۆژئاوای كوردستانەو پەیامی ئێمە ئەوەیە ئاشتیخوازین و بەداخەوە ئێستا هێرش لەسەر رۆژئاوایەو بەهۆی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا گەلی كوردستان دەبێتەوە قوربانی و خوازیارین نەبینە قوربانی و پێمانوایە شەڕو كوشتار كێشەكان چارەسەر ناكات، هاودەنگی هەموو لایەنەكانی كوردستان و تەواوی هێزە سیاسییەكانی دەكەین جا لە هەر ئایدیا و بۆچونێكەوە بێت، ئێمە پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی دەكەین و بانگەشەی بۆ دەكەین لە ئاشتیدا دەتوانین برەوبسێنین".
لەبارەی هەڵوێستی پەرلەمانیش، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی وتی "بەگشتی هەڵوێستمان لەگەڵ دۆزی رەوای گەلەكەمانە لەهەر پارچەیەك بێت، لە كۆبانێ بەیەكەوە شەڕی تیرۆریستان كرا ئێمە نیگەرانییەكی قوڵمان هەیە لە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، دەبێت كورد بەشداری دەستوری سوریابێت و هێرش و پەلامار رەتدەكەینەوەو سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و كۆماری عیراقیش خەریكین هەماهەنگی بكەین بۆئەوەی قسەی لەسەربكەین".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group