نەوا
سەرۆكی ئەمریكا بە ئاماژەدان بە كشانەوەی سەربازەكانیان لە سوریا دەڵێت، نەوتەكەیان دەستەبەر كردووە و سەربازەكانیان دەگەڕێنەوە بۆ نیشتمان.
دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا لە نوێترین تویتیدا نوسیویەتی: مارك ئیسپەر وەزیری بەرگری وڵاتەكەی پێی راگەیاندووە، ئاگربەستەكە زۆر بە باشی جێبەجێ كراوە. هەندێك گرفت هەبوون، بە خێرایی چارەسەر كراوون. كوردەكان لە ناوچەی نوێ نیشتەجێ دەكرێن.
راشیگەیاندووە، سەربازانی ئەمەریكا لە شوێنی شەڕ و ناوچەی ئاگربەستەكە نین. ئێمە نەوتەكەمان زامن كردووە. درێژە بە كشانەوەی سەربازەكان بۆ نیشتمان دەدەین.
ئەمەش دوای ئەوە دێت كە رۆژی 17 ی ئۆكۆتبەر مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، ئاگربەست لە باكوری سوریا راگەیەنراوە و پێویستە لە ماوەی 120 كاتژمێردا شەڕڤانانی هەسەدە لە ناوچەی ئارام كە توركیا داوای دەكات بكشێنەوە.
جێی باسە ئەو ناوچانەی تر كە كەوتونە دەرەوەی ناوچەی ئارام و بە دەست شەڕڤانانەوەن گەورەترین سەرچاوەكانی نەوتی سوریان.