گفتوگۆكانی هەرێم و بەغدا دوای هێوربوونەوەی رەوشی عێراق دەستپێدەكەنەوە

08/11/2019

نەوا
سەرۆكی نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، دەڵێ، جارێ رەوشی عێراق هێور نەبووەتەوە، هەر بەو هۆیەشەوە گفتوگۆكانی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ وەستاون. 
فارس عیسا سەرۆكی نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان لە بەغدا لە لێدوانێكیدا رایگەیاند، لە ئیستادا ناتوانین بڵێین بارودۆخی عێراق هێور بووەتەوە، بەو پێیەی خۆپیشاندانەكان بەردەوامییان هەیە و لە هەندێ شوێندا كەم بووەتەوە، هەر ئەوەش وای كردووە، كە گفتوگۆكانی هەرێم و بەغدا رابوەستن، بەو پێیەی بارودخەكە كاریگەریی نەرێنیی لەسەر لایەنی سیاسی و ئابووری كردووە.
سەرۆكی نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان جەخت لەوە دەكاتەوە، كە ئەوان پاڵپشتیی عادل عەبدولمەهدی دەكەن، لە جێبەجێكردنی داخوازییەكانی خۆپیشاندەران هەتا ئەو كاتەی ئەو بارودۆخەی ئێستا لە عێراق هەیە تێدەپەڕێت.
فارس عیسا، هۆكاری دەستپێنەكردنەوەی گفتوگۆكانی هەرێم و ناوەند روون دەكاتەوە، بەو پێیەی ئەوانیش كاری لەپێشینەیان چارەكردنی دۆخی ئێستای عێراقە، بەو پێیەی گرژییەكانی ناوەند كاریگەری نەرێنیشی لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت، بۆیە لە هەوڵدان و پشتیوانیی سەرۆكی حكوومەتی عێراق دەكەن، تا بارودۆخەكە كۆنترۆڵ بكرێت، ئەوكات كار بۆ گفتوگۆكان دەكەن.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group