سەرۆكایەتی هەرێم راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە

07/12/2019
نەوا
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردسان هاوغەمی بۆ قوربانیانی خۆپیشاندانەكانی بەغدا رادەگەیەنێت و دەڵێت: بە هیچ شێوەیەك ئەو زێدەڕۆییە لە توندوتیژی‌ بەرانبەر خۆپیشاندەر‌ان، قبووڵكراو نییە.
لە راگەیەندراوێكدا، كە دوێنێ شەو بڵاویكردەوە، سەرۆكایەتی هەرێم رایگەیاندووە، ئەو كوشتارەی بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی سڤیل لە پردی سنەك و گۆڕەپانی خەللانی لە بەغدا كرا، تاوانی بێ پاساون و تاوانكاران هەر كێ و لە هەر لایەنێكەوە بن، دامودەزگا و لایەنە بەرپرسەكانی عیراق دەبێ بیاندۆزنەوە و بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا بكەن.
باسی لەوەشكردووە، ئەركی هەموو لایەكە بە گیانێكی نیشتمانیی بەرپرسیارانەوە، مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن تاكو لە دەست دەرنەچێت و پێشهاتی ترسناكتر رونەدەن، چیتریش خوێن نەڕژێت و هەمووان لەچوارچێوەی یاسادا بجوڵێنەوە.



دەقی راگەیەنراوەكە:

بە نیگەرانییەكی زۆرەوە لە بەردەوامیی ڕووداو و توندوتیژییەكانی بەغدا و پارێزگاكانی دیكەی عێراق دەڕوانین. ئەو كوشتارەی بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی سڤیل لە پردی سنەك و گۆڕپانی خللانی لە بەغدا كرا، تاوانی بێ پاساون و تاوانكاران هەر كێ و لە هەر لایەنێكەوە بن، دامودەزگا و لایەنە بەرپرسەكانی عێراق دەبێ بیاندۆزنەوە و بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت.

لە كاتێكدا پرسە و سەرەخۆشیی قووڵمان ئاراستەی كەسوكاری قوربانییان دەكەین و هاوخەمیانین، هیوای زوو چاكبوونەوەش‌ بۆ برینداران دەخوازین، دووپاتی دەكەینەوە كە خۆپیشاندانی ئاشتیانە و سڤیل، مافێكی دەستووریی ڕەوا و پارێزراوە و بە هیچ شێوەیەك قبووڵكراو نییە ئەو زێدەڕۆییە لە توندوتیژی‌ بەرانبەر بە خۆپیشاندەر‌ان بەكار بێت و بكرێنە ئامانجی دەستڕێژ و هێرشی لەوجۆرە.

ئەركی هەموو لایەكە بە گیانێكی نیشتمانیی بەرپرسیارانەوە، مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن تاكو لە دەست دەرنەچێت و پێشهاتی ترسناكتر ڕوونەدەن، چیتریش خوێن نەڕژێت و هەمووان لە چوارچێوەی یاسادا بجووڵێنەوە.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

7/12/2019

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group