چین داوای گەڕاندنەوەی دەمامكە فرۆشراوەكان دەكات

26/02/2020

نەوا
دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چین، نرخی دەمامك (ماسك) لە وڵاتاندا بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەوە، هەرێمی كوردستانیش بێبەش نەبوو لە بەرزبوونەوەی نرخەكە و بەو هۆیەوە ژمارەیەك شوێنی فرۆشتنی پێداویستی پزیشكی بەهۆی بەرزكردنەوەی نرخ لەلایەن قایمقامیەتی ناوەندی قەزای هەولێرەوە داخران.
لەبارەی جۆری دەمامك و شوێنی دروستكردنیان، عەبدولباست محەمەد فرۆشیاری پێداویستی تەندروستی بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ دەڵێت "دەمامك چەند جۆرێكی هەیە، جۆری لاستیكی هەیە لە پشت سەرەوە دەبەسترێت بۆ خۆپاراستن بەكاردێت بۆ نموونە كەسێك دەپژمێت، كاریگەری لەسەر تەندروستی هەیە، یان شوێنێك زۆر جەنجاڵ و قەرەباڵغ بێت لەو شوێنانە باشترە دەمامك ببەسترێت، بەڵام كەسێك لەسەر شەقام دەڕوات و هیچ جەنجاڵییەك نییە ئەوا بەپێچەوانەوە خراپترە، یان كەسێك بەردەوام دەمامك بەكاردەهێنێت كاریگەری خراپی هەیە لەسەر لاوازبوونی هێزی بەرگریی لەش".

وتیشی "ئەو جۆرەی فلتەرە زیاتر بۆ تۆز و خۆڵ بەكاردێت، یان هەندێك نەخۆشی وەك مێكوتە و سورێژە یان ئەوانەی پیشەیان دارتاشییە، هەموو ئەوانەش لە چین، توركیا و ئێرانەوە دێن، بەڵام ئێستا ئێران و چین بۆخۆیان روبەڕوی ئەو ڤایرۆسە بونەتەوە بۆیە دەمامك كەم بوە و خواستی زۆری لەسەرە".
ئەو پێی وایە دەمامكی پزیشكی باشترین جۆریەتی بۆ خۆپارێزی و وتی "باشترە خەڵك بۆ خۆپارێزی ئەو دەمامكە ببەستن كە پزیشكەكان لە ژووری نەشتەرگەری بەكاریدەهێنن، ئەوەش لە هەموو حاڵەتێكدا نا، بەڵكو لەو شوێنانەی زۆر قەرەباڵغن وەك بەندیخانەكان و رۆژانی هەینیش لە مزگەوتەكاندا".
فرۆشیارێكی دیكەی پێداویستی تەندروستی جەخت لەوە دەكاتەوە كە بازرگانەكان هۆكاری گرانبوونی نرخی دەمامكەكانن.

كاروان محەمەد فرۆشیاری پێداویستی تەندروستی-یش دەڵێت "دەمامكی بە فلتەر هەیە بۆ خۆڵ و تۆز پێشتر ئەو نەخۆشانەی زەرعی گورچیلەیان بۆ دەكرا، بەكاریاندەهێنا، جۆری دووەم سورجیكەڵ دەمامك، ئەوانەی ناو ژوری نەشتەرگەری بەكاریدەهێنن، یان ئەوانەی دەواجنەكان".
لەبارەی نرخەكانیشەوە، كاروان محەمەد وتی "پێشتر دانەی بە هەزار دینار دەفرۆشرا، بەڵام دوای ئەو ڤایرۆسە نرخی دەمامكەكانیش گرانبون، چەند رۆژێك پێش ئێستا لیژنەكانی قائیمقامیەت چەند شوێنێكیان داخست و شوێنەكەی ئێمەش داخرا".
لەبارەی داخستنی شوێنەكەشیان، ئەو فرۆشیارە رونیكردەوە "جاران یەك دەمامك بە 50 سەنت بوو، ئێستا بازرگانان بە 7 دۆلار دەیدەن بە ئێمە، قائیمقامیەت بۆخۆی دەزانێت بازرگانەكە كێیە و پێویستە لێپێچینەوە لە بازرگانەكە بكرێت".
دوای داخستنی شوێنەكەش، ئێستا شوێنەكە كراوەیە و ناوبراو دەڵێت یەك ملیۆن دینار سزای وەكو سەرپێچی لێ وەرگیراوە و وتیشی "دوای رێكارەكان، بڕی یەك ملیۆن دینار سزا دراوین، بۆیە ئێستا ئەگەر كڕیار بێت، پێی دەڵێم دەمامك نافرۆشم، چونكە من بە گران كڕیومە و ناشتوانم بە گران بیفرۆشمەوە".
فرۆشیارێكی دیكەش جەخت لەوەدەكاتەوە، بازرگانان نرخی یەك دەمامكیان لە 65 سەنتەوە كردوەتە 7 دۆلار و لەوبارەیەوە رۆستەم محەمەد وتی "دەمامك جۆری هەیە، یەكێكیان تایبەتە بە نەشتەرگەری، دەمامكی فلتەرداریش بۆیاغچی بەكاریاندەهێنا و هەمووشیان ماوەی بەكارهێنانیان كەمە، بەڵام ئەوەی بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا بەكاربێت، دەمامكی ئاساییە".
رۆستەم محەمەد وتیشی "جگە لەو دوو جۆرە، جۆرێكی دیكەی هەیە كە ئەستورترە و ئەمە بۆ خۆپاراستن لە خۆڵ و خاشاك بەكاردێت، هەموو ئەوانەش لە چینەوە هاوردە دەكرێن، هەرچەندە ئەوەی ئێستا لەناوخۆدا هەیە پێداویستی ناوخۆ پڕدەكاتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵك خواستی زۆری لەسەرە".
سەبارەت بە گرانبونی نرخی دەمامكەكانیش ئەو فرۆشیارە وتی "لە چین داوامان لێكراوە دەمامكەكانیان بۆ هەناردەبكەینەوە، چونكە لەوێ كەم بوەتەوە، لەلایەكی دیكەوە هەم خواستی زۆری لەسەرە و هەم لەلایەن بازرگانانەوە قۆرخكراوە بە جۆرێك نرخی یەك دەمامك لە 65 سەنتەوە بوەتە 7 دۆلار، بێگومان هۆكارەكەیشی چاودێرینەكردنی حكومەتە".
لە چەند رۆژی رابردودا، لیژنەكانی قائیمقامییەتی ناوەندی قەزای هەولێر چەند پشكنینیان بۆ چەند شوێنێك كرد و چەند شوێنێكیان داخست، لەوبارەیەوە رۆستەم محەمەد وتی "لەم چەند رۆژەدا لیژنەی قائیمقامیەتی ناوەندی قەزای هەولێر، پشكنینیان بۆ چەند شوێنێك كرد و سەردانی ئێمەشیان كرد، تەنها شوێنەكەی من و ئەوەی تەنیشتم دانەخران، ژمارەیەكی زۆر لە شوێنەكان بەهۆی بەرزكردنەوەی نرخی دەمامكەوە داخران".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group