كۆرۆنا هاڕەی بە نرخی نەوت كرد

پێش 3 هەفتە نەوا

نەوا
نرخی نەوت، كە لە دوای سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە چین رووی لە دابەزین كردووە، نزمترین ئاستی تۆمار كرد و بەمەش كاریگەریە ئابوریەكانی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە زیاتر بە جەستەی ئابوری جیهان و وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتەوە دەردەكەون.
سەر لەبەیانی رۆژی دووشەممە لە كاتی كردنەوەی بازاڕەكانی وزە سەرباری ئەوەی نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت بە بەراورد لە گەڵ كۆتا نرخی تۆمار كراوی رۆژی هەینی دوو دۆلار بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینی و بە 35 دۆلار و 85 سەنت مامەڵەی پێوەكرا، بەڵام دواتر بۆ 29 دۆلار و 55 سەنت دابەزی.
هەرچەندە لە ئێستادا بە 30 دۆلار و 76 سەنت مامەڵەی پێوەدەكرێت، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ كاتی كردنەوەی بازاڕ بە رێژەی 9.13% پاشەكشەی كردووە.
هەرچی نەوتی خاوی رۆژئاوای تەكساسیشە سەر لە بەیانی لە كاتی كردنەوەی بازاڕدا 32 دۆلار و 42 سەنت بوو، بەڵام دواتر بۆ 28 دۆلار و 52 سەنت دابەزی و لە ئێستاشدا بە 30 دۆلار و 65 سەنتە، بەمەش 4.55%ی نرخەكەی بە بەراورد لەگەڵ نرخی تۆماركراوی سەر لە بەیانی لەدەستداوە.
چین وەك گەورەترین هاوردەكاری نەوت، بە هۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆناوە جوڵەی ئابوریەكەی خاوبوەوە و زۆربەی كارگەكانی وەستان، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی نرخی نەوت و دواتر بە هۆی زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بە جیهاندا و بە گۆڕینی ئەوروپا بۆ چەقی كۆرۆنا، هێندەی تر خواست لەسەر نەوت دابەزی.
دابەزینی نرخی نەوت راستەوخۆ كاریگەری لە سەر ئابوری ئەو وڵاتانە هەیە، كە بە پلەی یەكەم داهاتەكەیان پشت ئەستورە بە فرۆشتن و هەناردەكردنی نەوت، لەوانە عێراق و هەرێمی كوردستان.
لەلایەكیترەوە هەوڵەكانی وڵاتانی بەرهەمهێنەر و هەناردەكاری نەوت بۆ راگرتنی هاوسەنگی بازاڕ و پارێزگاری لە نرخی نەوت لە رێگەی كەمكردنەوەی ئاستی هەناردەوە سەری نەگرت و ئەمەش هۆكارێكی تری دابەزینی زۆری نرخەكەیەتی.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group