بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا و وانەكانی ئەنفلۆنزای ئیسپانی

18/03/2020

نەوا
سەدەیەك بەر لە ئێستا، جیهان هێشتا بە تەواوەتی لە جەنگێكی جیهانی ماڵوێرانكەر رزگاری نەببوو، كە لە قەیرانێكی نوێوە تێوەگلا.
ئەنفلۆنزای ئیسپانی..
دەوترێت ئەم ئەنفلۆنزایە لە سەربازگەكانی بەرەی شەڕ لە رۆژئاواوە تەشەنەی سەند. هەلومەرجی خراپی تەندروستی بە تایبەتی لە سەنگەرەكانی سنوری فەرەنسا بووە هۆی بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە.
جەنگی جیهانی یەكەم لە تشرینی دووەمی 1918 كۆتایی هات، بەڵام سەربازەكان لە گەڵ گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە ئەو ڤایرۆسەشیان بردەوە.
باس لەوەدەكرێت، لە نێوان 50 بۆ 100 ملیۆن كەس بە هۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لەدەستداوە.
لەماوەی یەك سەدەی رابردوودا و دوای ئەنفلۆنزای ئیسپانی جیهانی لانی كەم سێ پەتای لەو چەشنەی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام هیچیان هێندەی ئەنفلۆنزای ئیسپانی قوربانی لێنەكەتوەتەوە.
لە ئێستادا كە باس باسی كۆرۆنایە و رێژەی قوربانیەكانی زۆر لە ئەنفلۆنزای ئیسپانی كەمترە، جیهان بەو پەڕی نیگەرانیەوە لێیدەڕوانێت. بۆیە تیشك دەخەینە سەر ئەو وانانەی مرۆڤ لە ئەنفلۆنزای ئیسپانیەوە فێریان بووە.

هۆكاری مردن، هەوكردنی سییەكانە
ڤایرۆسی كۆرۆنا سیستەمی بەرگری لەش لاواز دەكات و هەوكردنی سیەكان دەبێتە هۆی مردنی تووشبوەكە. ئەمە خاڵی هاوبەشی ئەو ڤایرۆسەیە لەگەڵ ئەنفلۆنزای ئیسپانی.

ئەو شوێنەی ئەنفلۆنزای ئیسپانی زەفەری پێنەبرد
ئەو كاتەی ئەنفلۆنزای ئیسپانی بڵاوبوەوە هێشتا گەشتی ئاسمانی برەوی پێنەدرابوو، بۆیە چەند ناوچەیەكی جیهان پارێزراوبوون. 
ئەنفلۆنزای ئیسپانی لە رێگەی هێڵی ئاسن و شەمەندەفەرەوە گواسترایەوە و گەیشتنی ڤایرۆسەكە بۆ هەندێك ناوچە چەندین مانگ و ساڵی خایاند.
هەندێك ناوچە بە رێكارێكی سەرەتایی كە هێشتا دوای سەد ساڵ پشتی پێدەبەسترێت رێگریان لە بڵاوبوونەوەی پەتاكەكرد. 
ناوچەیەكی كەنداوی بریستۆل لە ئالاسكا تاڕادەیەك لەبەرامبەر ئەنفلۆنزای ئیسپانی بە پارێزراوی مایەوە.
دانیشتوانی ئەو ناوچەیە قوتابخانە و شوێنە گشتیەكان و رێگاكانیان داخست. 
بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا شێوازە لە هەندێك شوێنی وەك پارێزگای هوبی چین و باكوری ئیتالیا پشتی پێبەسترا.

گەورەترین هۆلۆكۆستی پزیشكی لە مێژوودا 
بە بڕوای پزیشكان، ئەنفلۆنزای ئیسپانی گەورەترین هۆلۆكۆستی پزیشكیە لە مێژوودا. ئەو نەخۆشیە نەك هەر زۆر كەسی كوشت، بەڵكوو زۆرینەی قوربانیەكانی گەنجان بوون. 
سیستەمی بەرگریی لەشی گەنجان كارامەتر و بە تواناترە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەنفلۆنزا، بەڵام، ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای ئیسپانی سیستەمی بەرگری گەنجانی توشی شۆك دەكرد، كە بەو حاڵەتە دەوترێت زریانی سایكۆتین و بە هۆیەوە پەرچەكردارێكی ناسروشتی بەرامبەر بە ڤایرۆسەكە دەگرتە بەر.
ئەو پەرچەكردارەی سیستەمی بەرگریی لەش دەبووە هۆی دروستبوونی شلەیەك لەسییەكانی تووشبوەكە و ئەوەش رێگەی بۆ هەوكردنی دووەم لە سیەكان خۆش دەكرد.
بەپێچەوانەوە لە ئەنفلۆنزای ئیسپانیدا بەتەمەنەكان پارێزراوتربوون، رەنگە ئەمە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە بە هۆی ئەنفلۆنزایەكی هاوشێوەوە، كە لە 1830 بڵاوببوەوە توانای بەرگری لەشیان بەرزتربوو.
لە بڵاوبوونەوە ڤایرۆسی كۆرۆنادا بەتەمەنەكان و تووشبوانی نەخۆشیە درێژخایەنەكان زیاتر لە مەترسیدان و ئاماری مردن لە كەسانی سەرووی تەمەنی 80 ساڵ بەرزترە.

سیستەمی تەندروستی گشتیی، باشترین چارەسەریی
ئەنفلۆنزای ئیسپانی لە كاتێكدا بڵاوبوەوە، كە جەنگی جیهانی یەكەم سەرجەم توانای دارایی و سەرچاوە گشتیەكانی ولاتانی خستبوە خزمەتی سیستەمكی سەربازیەوە.
هێشتا بیرۆكەی سیستەمی تەندروستی گشتی لە ئارادانەبوو، تەنها چینی مامناوەند و دەوڵەمەندەكان دەیانتوانی سەردانی پزیشك بكەن. 
ئەنفلۆنزای ئیسپانی بووە هۆی مردنی ژمارەیەكی زۆر لە گوندنشینان و دانیشتوانی گەڕەكە هەژارنشینەكانی شارەكان، كە زۆرینەیان كێشەی بەدخۆراكی، تەندروستی و نەخۆشی درێژخایەنیان هەبوو.
لەو رووەوە زانایان و حكومەتەكان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە بۆ رێگری كردن لە دووبارەبوونەوەی ئەنفلۆنزای ئیسپانی و هاوشێوەكانی تاكە رێگا پەرەپێدانە بە سیستەمی تەندروستی گشتیی.
لە شارەكان تەنها هەوڵدان بۆ چارەسەری تووشبوانی ئەنفلۆنزای بەس نییە، بەڵكوو پێویستە كەسانی تووشبوو كارنتین بكرێت، ئەوانەی بە سوكی نیشانەكانیان لێدەركەوتووە لەوانە جیابكرێنەوە، كە بە قورسی ئەو نەخۆشیەیان گرتووە و هاتوچۆی هاوڵاتیان سنوردار بكەنەوە تا پەتاكە كۆنتڕۆڵ بكرێت.
ئەو هەنگاوەی سیستەمی تەندروستی وڵاتان بۆ رووبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا دەیگرنەبەر، لە رێگەی سنورداركردنی هاتوچۆ و بەریەككەوتن، ئەنجامی ئەزمونی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای ئیسپانیە و بە گونجاوترین رێگەی خۆپارێزی دادەنرێت.



شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group