تەندروستی پێشنیاری بۆ حكومەتی هەرێم كردوە تا 15-4 قەدەغەی هاتوچۆ بەردەوام بێت

26/03/2020

نەوا
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت " پێشنیارمان بۆ حكومەت كردوە تا رۆژی 15-4 كەرەنتین و قەدەغەكردنی هاتوچۆ بەمشێوە چڕەی ئێستا بەردەوام بێت و رێگای هاتوچۆ بگیرێت، بۆ دابەشكردنی موچەش ئەگەر حكومەت مەبەستی بێت لە روی هونەرییەوە ئەركێكی قورس نییە".
د.سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بۆ دەنگی ئەمریكا وتویەتی "پێشنیارمان بۆ حكومەت كردووە تا رۆژی 15-4 كەرەنتین و قەدەغەكردنی هاتووچۆ بەم شێوە چڕەی ئێستا بەردەوام بێت و رێگای هاتوچۆ بگیرێت بەمشێوەیەی ئێستا كە هەیە، لەدوای 15-4ەوە بەقۆناغ ژیان دەستپێبكرێتەوە، قۆناغ بە قۆناغ ئەو شتانەی كە پێویستە لەژێر رێنماییە تەندروستیەكانە دەست پێبكەنەوە".
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئەگەر تا 15-4 ماوەی قەدەغەی هاتوچۆ درێژبكرێتەوە پێشنیاریان چییە بۆ حكومەت كە دەڵێت بەهۆی قەدەكردنی هاتوچۆەوە موچە دابەشكردن راگیراوە؟ د.سەباح هەورامی لەوەڵامدا وتویەتی "بەدڵنیاییەوە ئەگەر حكومەت داوا لە ئێمە بكات ئێمە رێوشوێنی تەندروستییان دەدەینێ چۆن موچە دابەش بكات و لە روی هونەرییەوە پێموانییە ئەركێكی قورس بێت ئەگەر مەبەستیان بێت دەتوانن جێبەجێی بكەن هەم بەڕێگای حسابی بانكی- یان تیمی مۆبایل -یاخود لەڕێگای پۆلێنكردنی فەرمانبەران دەتوانن هەر ڕۆژە و ژمارەیەكی دیاریكراو خەڵك بچن موچە وەربگرن، بۆ نمونە من فەرمانگەیەكم هەیە 500 موچەخۆری تێدایە ئەگەر بمەوێت موچەیان بدەمێ ڕۆژی موچەی 100 كەس دەدەم و ئەو 100 كەسەش دابەش دەكەم بەسەر كاتژمێرەكاندا بۆ نمونە دەڵێم ئەوكەسانەی بە پیتی (ئە) دەستپێدەكەن بەیانی كاتژمێر نۆ -یانزە بێن و دوای ئەوە بەپێی پیت بەسەر كاتژمێرەكاندا دابەشیان دەكەین واتە میكانیزم هەیە بۆئەوەی نەهێڵن قەرەباڵغی دروست بێت هەر لەسەر ئەو بنەمایەشە، كە ئێمە دەڵێین بەبەرنامە ژیان دەست پێبكرێتەوە بۆ نمونە قەیسەریەك لەبازاڕدا 300 دوكانە حكومەت دەتوانێت ناچاریان بكات هەر رۆژەی 50 دوكانیان بەنۆرە بكرێتەوە واتە ئەو بازاڕەش ناوەستێت خەڵك ئیش و كارەكانی دەڕوات و قەرەباڵغیش دروست نابێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group