ئەبوبەكر هەڵەدنی: رەنگە هەرێم و دەسەڵاتەكەی ناویان چوبێتە كتێبی "گینس"ەوە

26/03/2020

نەوا
پەرلەمانتارێكی كوردستان رەخنە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگرێت و دەڵێت: "بەم حەشاماتە راوێژكارو گزیرو مفتەخۆرەوە پلانت نەبێ و میكانیزمی دابەشكردنی موچە ببێتە مەتەڵ، بڕوا ناكەم خەمی ژیانی هاونیشتیمانیانی ئەم هەرێمەتان هەبێت".
ئەبوبەكر هەڵەدنی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان لە پەیجی خۆی نوسیوویەتی: "رەنگە هەرێم ودەسەڵاتەكەی ناویان چوبێتە ناو كتێبی (گینس)ەوە كە زۆرترین زاراوەو دەستەواژەی "موچە" لەسەر زمانی ووتەبێژەكەی، هەواڵی بەپەلەی میدیاكان، سۆسیال میدیا بێت، وتەبێـژ و وەزیرەكانی بەقات و ریباتی ماركەوە رۆژێ دەڵێن "مووچە حازرەو پەیوەندی بەكۆرۆناوە هەیە"، دەمێ دەڵین بابەرچاومان رۆشن بێت و جارێكی دیكە دەڵێن چاوەڕێی بەغداین و كەڕەتێكی تر دەڵێن داهاتی ناوخۆ كەمبوە".
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەش دەڵێت: "(ئاسایش وئاوو نان) وەك غاندی دەڵێت سێ ئەركە سەرەكیەكەی حكومەتن، كام حكومەت، چوار پارێزگا بەچوار سەعات و نیوی ئۆتۆمبیل لەزاخۆ دەچیە تەوێڵە، بەم هەموو خێرو بێرەوە، خێرخوازانت فریای هەژارەكانی بكەوێ، بەم حەشاماتە راوێژكارو گزیرو مفتەخۆرەوە پلانت نەبێ و میكانیزمی دابەشكردنی موچە ببێتە مەتەڵ، بڕوا ناكەم خەمی ژیانی هاونیشتیمانیانی ئەم هەرێمەتان هەبێت، دەنا هەر رۆژەی قەیرانێكی بۆدروست ناكەن".
ئەبوبەكر هەڵەدنی باسی لەوەشكردووە، لەدوای راپەڕینەوە "كەپكی حەمەدئاغا، دووئیدارەیی، جۆزەو ماسیحە، بازگەی دێگەڵە، سەرەی بەنزین، كاتیۆشا و فڕۆكەو دەبابەی فارسی و توركیی وعەرەبی، زیاد بوونی ژمارەی عودەی وقوسەیەكان، خواردنی ماوە بەسەرچوو، بازرگانی هەڵتۆقیو، نەجمەداری بێ ئاست، كۆمپانیای بەلێشاو، مەزرەعەی بەرپرسان، دەرمانی ئێكسپایەر، بڕوانامەی ساختە، زانكۆی بێ مەعریفە، تەزویری ئەلكترۆنی، كەمینی گرتە ڤیدیۆیی بۆ كۆیلە كردن، شەق هەڵدان لەمامۆستا....هتد" داهێنانی حوكمڕانیەكەتان بوو، ئیتر نازانم رۆژی چەندجار لەبەردەم ئەم میلـــلەتەدا تەریق دەبنەوە، گەر مانای تەریق بوونەوە بزانن".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group