هەسەدە: زیندانەكان لەژێر كۆنتڕۆڵی ئێمەدان

30/03/2020

نەوا
كینۆ گابریەڵ وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكراتیك (هەسەدە) رایدەگەیەنێت، هیچ چەكدارێكی بەندكراوی داعش هەڵنەهاتوە و زیندانەكان لەژێر كۆنتڕۆڵی ئەواندایە.
ئاژانسی فورات نیوز بڵاویكردەوە، چەراكدارانی داعش هەوڵیاندا لە زیندانی سینای گەڕەكی خوێرانی حەسەكە هەڵبێن، لەو زیندانەدا بە هەزاران ئەندامی داعش راگیراون، هێزەكانی دژە تیرۆر و هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە هاوكاری فڕۆكەكان، شوێنی رووداوەكەیان گەمارۆدا.
كینۆ گابڕیەڵ وتەبێژی هەسەدە لەسەر ماڵپەڕی فەرمی ئەو هێزە راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بە روداوەكانی رۆژی یەكشەممە كرد و رایگەیاند، هەواڵی هەڵهاتنی ژمارەیەك داعش راست نییە.
ئەوەشی خستەڕوو، چەكدارانی داعش دەرگای قاوشی زیندانەكانیان شكاندوە و دیواری نێوان ژورەكانیان روخاندوە و بەشی قاتی خوارەوەی زیندانەكەیان كۆنتڕۆڵ كرد.
وتەبێژی هەسەدە وتیشی، "هێزەكانی ئەنتی تیرۆری سەر بە هەسەدە یەكسەر دەستوەردانیان كرد، دۆخەكەیان كۆنتڕۆڵ كرد و ئاژاوەگێڕی چەكدارانیان كۆتایی پێهێنا و هەموو زیندانیەكان لە ناو زیندانەكە كۆنتڕۆڵ كران."
گابڕیەڵ ئاشكراشیكرد، هیچ چەكدارێكی داعش لە زیندانەكە هەڵنەهاتوە، ئێمە تەئكید لەسەر ئەوە دەكەینەوە و دۆخە بە تەواوی كۆنتڕۆڵكراوە."


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group