دەستەی مافی مرۆڤ بەدواداچوون بۆ پڕۆسەی ئازادكردنی بەندكراوان دەكات

13/04/2020

نەوا - راپۆرت
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە مەبەستی رێگەگرتن لە بڵاوبونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە، كۆمەڵێك رێكاری گرتەبەر و لە داخستنی ناوەندەكانی خوێندن و دواتریش داخستنی دامودەزگاكانی حكومەت دەستیپێكرد و قەدەغەكردنی ھاتووچۆیشی راگەیاند و تا ئێستاش بەردەوامە.
بۆ ئەم مەبەستەش رۆژی 28/2، ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی پێكهێنا بە مەبەستی تاوتێكردن و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی حوكمدراوان و راگیراوان لە هەرێمی كوردستان بە مەبەستی دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ ئازادكردنی ژمارەیەك لەو بەندییانە، كە دەتوانرێت ئازادبكرێن.
لە چوارچێوەی كارەكانی ئەنجومەنی دادوەری و بۆ ئاگاداربوون لە رەوشی زیندانییەكان و دۆسیەكانیان، هەفتەی رابردوو دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان بەمەبەستی بەدواداچوونی كارەكان لیژنەیەكی لە 7 كەس پێكهێنا و ئەندامێكی لیژنەكەش ئاماژە بەوە دەكات، كە پێشووتر بە نوسراوی فەرمی داوای ئازادكردنی ژمارەیەك لە بەندییەكانیان كردووە لە چوارچێوەی یاسادا و ئێستاش خەریكی هەڵسەنگاندنی بابەتەكەن و چەند میكانزمێكی یاساییان لەبەردەستە بۆ كاركردن لەسەر پڕۆسەكە.

دكتۆر كرمانج عوسمان راوێژكاری دەستەی مافی مرۆڤ و ئەندامی لیژنەكە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وتی ''دوای پەیدابوونی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، بیر لەوەكرایەوە، كە بەندیخانە و چاكسازییەكان لەو قەرەباڵغییەی هەیە تۆزێك چۆڵبكرێت لە چوارچێوەی رێكاری یاساییدا، دوای ئەوەی دەستەی مافی مرۆڤ بە نوسراوی فەرمی داوایكرد و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەریی بەیەكەوە بۆ ئەوەی دیراسەی ئەو كەسانە بكەن، كە راگیراون و ئەوانەیشی كە حوكمدراون بۆ ئەوەی سەیر بكرێت چەند لەوانە دەتوانرێت بە ئازادكردنی بەمەرج ئازاد بكرێن و چەند لەوانە دەتوانرێت بە كەفالەت ئازادبكرێن و دەكرێت ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵات بداتە وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی مۆڵەتی ناوماڵ زیاتر بكات، لەگەڵ ئەوەشدا بزانرێت چەند كەس دەمێنێتەوە و راپۆرت بدرێت بە سەرۆكی حكومەتی هەرێم و لەوێشەوە بۆ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی بتوانێت لێبوردنی تایبەت دەربكات''.

كرمانج عوسمان راشیگەیاندووە ''وەكو دەستەی مافی مرۆڤ پێشنیازی ئەوەمانكردووە هەندێك میكانیزمی یاسایی بدەین بە حكومەتی هەرێم و لە هەمانكاتدا بۆ ئەوەی لەگەڵ حكومەتی عێراق هەماهەنگییەك بكرێت سەبارەت بەو بەندییانەی، كە بە یاسای تیرۆر حوكمدراون و لە هەرێمی كوردستانن، رەوانەی بەغدا بكرێنەوە، چونكە شوێنی ئەنجامدانی تاوانەكان لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان بووە و شوێنی جوگرافیاشیان بەغدا و ناوچەكانی دیكەی عێراقە‌، بە مەرجێك زەمانەتی ئەوە بكرێت ژیانیان سەلامەت بێت، چونكە لە هەرێمی كوردستان سزای لە سێدارەدان جێبەجێ ناكرێت و ئەوانەش زۆربەیان بە یاسای دژە تیرۆر حوكمدراون، نەكا رادەستی بەغدا بكرێنەوە و لەوێ لەسێدارە بدرێن، بۆیە ئێستا لەو قۆناغەداین و پێشبینی دەكەین ژمارەی بەندییەكان كەمبێتەوە و ئەمەش كاریگەری زۆرە لەسەر كەمتر بەریەككەوتن و رێگەگرتنە لە بڵابوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا''.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو كەسانەی كەوتوونەتە ناو چوارچێوەی میكانیزمە یاساییەكە بۆ ئەوەی بتوانرێت ئازاد بكرێن، راوێژكارەكەی دەستەی مافی مرۆڤ دەڵێت ''تا ئێستا ئەو ژمارانەی بەردەستە بۆ نموونە لە پارێزگای دهۆك ژمارەیان 40 كەسە و لە پارێزگای هەولێر تا ئێستا خەریكی ئامار و ژمارەكانن، ئەوانەی راگیرابوون ژمارەیەكی زۆریان ئازادكراون و لە سلێمانی بە هەمانشێوە، پێشبینی دەكرێت تا هەفتەی داهاتوو، لیژنەكەی حكومەتی هەرێم و ئەنجومەنی دادوەری كارەكانی خۆی تەواو بكات و ئێمەیش میكانیزمە یاساییەكان پێشكەش بە ئەوان بكەین و بەرزبكرێتەوە بۆ ئەوەی لاینكەم ژمارەیەكی زۆر سوودمەندبن''.
لەبارەی میكانیزمە یاساییەكانیش بۆ ئازادكردنی ژمارەیەك لە بەندییەكان، كرمانج عوسمان وتی ''پێنج میكانیزمی یاسایی هەیە، هەندێكیان بە یاسای سزادانی عێراقی، یان یاسای وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، یان ئەو هەڵبژاردەی لە یاسادا هەیە، بۆ نمونە لە جیاتی بەندكردن پێبژاردنی بۆ دەكرێت، یان هەندێكیان بەرزبكرێتەوە بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم بۆ لێبوردنی تایبەت''.
راوێژكارەكەی دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد، بە كەمكردنەوەی ژمارەی بەندییەكان، ئەركی سەر شانی حكومەتیش لە رووی داراییەوە كەم دەبێتەوە، وتیشی "هەر بەندییەك خەرجی رۆژانەی لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان 7 تا 10 دۆلار دەكەوێت، بە ئازادكردنی ژمارەیەك لەوانە باری ئابوریی حكومەتیش باشتر دەبێت".

ناوبراو جەختی لەوەشكردەوە، "چەند ماددەیەكی یاسایی لێبوردن نایانگرێتەوە، لێبوردنی تایبەت لە بنەڕەتدا هەندێك تاوانی بەدەرخستووە، وەك تاوانی تیرۆر، بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر، سیخوڕی و چەند تاوانێكی دیكە، كە لێبوردنی تایبەت نایانگرێتەوە''.

لەبارەی ژمارەی ئەو كەسانەیشی بڕیارە دوای هەماهەنگی و دڵنیابوون لە پاراستن و سەلامەتی ژیانیان رادەستی حكومەتی عێراق بكرێتەوە، راوێژكاری دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان وتی ''باس لەوە دەكرێت كە ژمارەیان 400 كەس دەبێت‌، لەگەڵ ئەوەشدا ساڵێك پێش ئێستا جارێكی دیكە حكومەتی هەرێم ئەو پێشنیازەی دا بە حكومەتی عێراق، بەڵام حكومەتی عێراق ئامادەنەبوو وەریانگرێتەوە بە بیانووی ئەوەی بەندیخانەكان پڕن لە بەندی و جێگایان نییە''.
كرمانج عوسمان ئەوەیشی خستەڕوو، كە تا ئێستا چوار سكاڵا لەلایەن بەندییەكان گەیشتووەتە دەستەی مافی مرۆڤ بۆ بەدواداچوونی دۆسیەكەیان و وردبینی تەواو لە لیستەكەدا دەكەن بۆ ئەوەی مافی هیچ كەسێك نەفەوتێت.
ئەو راوێژكارەی دەستەی مافی مرۆڤ، پێشبینی ئەوەیشی كرد هەفتەی داهاتوو پڕۆسەكە تەواو بێت، جەختی لەوەشكردەوە، تا ئێستا رەوشی تەندروستیی لەناو بەندیخانەكان باشە و هیچ حاڵەتێكی توشبوش بە ڤایرۆسی كۆرۆنا نەبووە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group