ئەو دە وڵاتانەی زۆرترین ژمارەی پشكنینی كۆرۆنایان ئەنجام داوە

13/04/2020

نەوا
ژمارەی پشكنینەكان بۆ كۆرۆنا یەكێكە لەو هەنگاوانەی بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە بە گرنگ دادەنرێت و ئەو وڵاتانەی زۆرترین ژمارەی پشكنینیان ئەنجامداوە، دەتوانن دڵنیاتر بن لە كۆنتڕۆڵكردنی كۆرۆنا.
بەپێی داتا فەرمیەكان، ئەمریكا كە زۆرترین ژمارەی توشبوون و گیان لەدەستدان بە كۆرۆنای تێدا تۆمار كراوە، لە رووی زۆری ژمارەی پشكنینەكانیشەوە یەكەمە، بەو پێیەی لەو وڵاتە دوو ملیۆن و 872 هەزار و 678 پشكنین بۆ گومانلێكراوانی توشبوون بە كۆرۆنا كراوە و لەو ژمارەیە زیاتر لە نیو ملیۆن كەس ئەنجامی پشكنینەكانیان ئەرێنی بووە.
لە پلەی دووەمدا وڵاتی ئەڵمانیا دێت كە یەك ملیۆن و 317 هەزار و 887 پشكنینی ئەنجامداوە و دەركەوتووە نزیكەی 128 هەزار كەسیان هەڵگری ڤایرۆسەكەن.

روسیا كە 18 هەزار تووشبووی كۆرۆنای تێدایە، بەپێی ئامارە فەرمیەكان یەك ملیۆن و 300 هەزار پشكنینی تێدا كراوە و بەمەش لە پلەی سێهەمی ریزبەندی ئەو وڵاتانەدایە كە زۆرترین پشكنینیان ئەنجامداوە.

 

ئیتالیا كە دوای چین ببوە دووەم ناوەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە و لە رووی ژمارەی ئەو كەسانەی گیانیان لەدەستداوە لە پلەی دووەمی جیهاندایە، لە رووی زۆرترین پشكنینەوە لە پلەی چوارمدا دێت و یەك ملیۆن و 46 هەزار و 910 پشكنین بۆ گومانلێكراوان كراوە لەو وڵاتەدا.

هەرچی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبیە، سەرباری ئەوەی نزیكەی چوار هەزار تووشبووی تێدایە، بەڵام لە رووی زۆری ژمارەی پشكنینەوە لە پلەی پێنجەمدایە، بە ئەنجامدانی 648 هەزار و 195 پشكنین.

دوای ئیمارات وڵاتی ئیسپانیا دێت. ئەم وڵاتە ئەوروپیە لە رووی ژمارەی توشبوون لە پلەی دووەمی جیهان و لە رووی حاڵەتەكانی مردن بە كۆرۆناشەوە لە پلەی سێهەمدایە، لەو وڵاتە 600 هەزار پشكنین بۆ كۆرۆنا كراوە.

كۆریای باشوریش كە لەسەرتاوە دوای چین گیرۆدەترین وڵات بوو بە دەست كۆرۆناوە 10 هەزار تووشبووی تێدا تۆمار كراوە، بەڵام لە رووی زۆری ژمارەی پشكنینەوە  لە پلەی حەوتەمی وڵاتانی جیهاندایە و 514 هەزار و 621 پشكنینی تێداكراوە.
كەنەدا بە 422 هەزار و 200 پشكنین لە پلەی هەشتەم و توركیا بە 410 هەزار لە پلەی نۆیەم و بەریتانیاش كە 367 هەزار پشكنینی تێدا كراوە لە پلەی دەیەمدایە.
لە چین كە سەرەتا ڤایرۆسەكەی تێدا بڵاوبووەوە، هیچ ئامارێك لە بارەی ژمارەی پشكنینەكان لەبەردەستدا نییە و لە عێراقیش بەپێی راگەیەنراوی فەرمی وەزارەتی تەندروستی وڵاتەكە 37 هەزار و 791 پشكنین بۆ گومانلێكراوان كراوە و لەو ژمارەیە ئەنجامی هەزار و 378 كەس ئەرێنی بووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group