سلێمانی.. كاسبكاران داوای كردنەوەی دوكانەكانیان دەكەن

16/04/2020

نەوا
بەیانی ئەمڕۆ 16-4-2020 ژمارەیەك لە كاسبكارانی سلێمانی لەبەردەم قایمقامیەتی ئەو شارە گردبوەیەكیان ئەنجامداو داوا دەكەن رێگە بدرێت كە دوكانەكانیان بكەنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی كە ماوەی زیاتر لە مانگێكە بەهۆی رێوشوێنەكانی دژی ڤایرۆسی كۆرۆناوە كار و پیشەی هاووڵاتیان وەستاوە.
بەیانیی ئەمڕۆ دەیان كاسبكار لەبەردەم مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی گردبونەوە و دواتر رویانكردە بارەگای قائمقامیەتی سلێمانی بۆ پێشكەشكردنی داواكارییەكانیان.
ئەو كاسبكارانە، كە زیاتر لە مانگێكە كار و پیشەیان بەهۆی رێوشوێنەكانی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا و راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆوە وەستاوە، داوا لە حكومەتی خۆجێیی سلێمانی دەكەن چاسەرەرێكیان بۆ بدۆزێتەوە بۆ كردنەوەی دوكانەكانیان و دەستكردنەوە بە كار و كاسپی.
هەروەها كاسبكاران داواش دەكەن قەرەبوی ئەو ماوەیەیان بۆ بكرێتەوە، كە دوكانەكانیان داخراوە و كار و پیشەیان وەستاوە و كرێی دوكانەكانیان بۆ دابین بكرێت، ئەوەش لەپێناو كەمكردنەوەی ئەركی سەرشانیان، هەروەها حكومەت بڕیاربدات، كە لە پارەی باجی ئاو و كارەبا و موڵكانە خۆش بێت، تا خاوەن موڵكەكانیش لە كرێی دوكانەكانیان خۆش بن.
كاسبكاران هەڕەشەی ئەوەش دەكەن، ئەگەر داواكاریەكانیان بە جدی وەرنەگیردرێت دوكانەكانیان دەكەنەوە و دەست دەكەنەوە بە كاسپی خۆیان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group