پانۆرامای قوربانیانی كۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان

18/04/2020

نەوا
زیاتر لە مانگێكە قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان بەردەوامە و بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تا ئێستا كۆی توشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە هەرێم، زیاتر لە 335 كەسە، هەروەها چوار حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسەكەوە راگەیەنراوە و دەیانیش چاكبونەتەوە.
لەم راپۆرتەدا گوزەرێك بە هەنگاوەكانی قەدەغەكردنی هاتوچۆدا دەكەین:
رۆژی 14-3 وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەمەبەستی رێگەگرتن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19 )، قەدەغەكردنی هاتوچۆی بۆ ماوەی 48 كاتژمێر لە هەریەك لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی راگەیاند.

تا رۆژی راگەیاندنی قەدەغەكردنی هاتوچۆ، 28 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە هەرێمی كوردستان تۆمار كرابوو، لەو ژمارەیەش، 20 حاڵەت لە سلێمانی و 8 حاڵەت لە هەولێر بوون، هەمان رۆژ 523 هاووڵاتیی كەرەنتین كران و لەو ژمارەیەش 400 كەس لە هەولێر، 25 لە سلێمانی، 89 لە دهۆك، 3 لە هەڵەبجە و 6 كەسیش لە گەرمیان بوون، هەروەها لە كۆی 3 هەزار و 742 هاووڵاتیی، تەنها هەزار و 352 هاووڵاتیی لە رۆژی 14-3دا لە كەرەنتیندا، مابوون.
لە دووەم رۆژی قەدەغەكردنی هاتوچۆدا، ژمارەی توشبووان بەرزبویەوە و گەیشتە 34 كەس و لەو ژمارەیش 4 حاڵەتیان چاكبوونەوە و گەڕابوونەوە ناو خێزانەكانیان، هاوكات 151 پشكنینیش بۆ هاووڵاتییان ئەنجامدرا، كە تیایدا 91 پشكنین لە هەولێر، 48 لە سلێمانی و 12 پشكنین لە دهۆك ئەنجامدرا بوو.
رۆژی 15-3 وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری درێژكردنەوەی ماوەی قەدەغەكردنی هاتوچۆی لەنێو شارەكانی هەولێر و سلێمانی بۆ 72 كاتژمێری دیكە درێژكردەوە، هاوكات رۆژی 17-3، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجەی دووەمی فریاكەوتنی بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا تەرخانكرد.

رۆژی 19-3، یەكەم توشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە شاری دهۆك تۆمار كرا، كە پیاوێكی 50 ساڵان بوو و لە وڵاتی ئەڵمانیا گەڕابووەوە، هەر هەمان رۆژ، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حكومەتی هەرێم، پڕۆژەی بەئۆنڵاینكردنی داتاكانی پەتای كۆرۆنای لە هەرێمی كوردستان و كاراكردنی هێڵی گەرمی 122ی راگەیاند.
لە رۆژی 22-3، 10 حاڵەتی دیكەی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی راگەیەندرا، كە حەوتیان لە قەزای دەربەندیخان بوو، هەر هەمان رۆژ وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كە پێویستە دەربەندیخان بەتەواوی كەرەنتین بكرێت و رووپێویی پشكنینی بۆ بكرێت، چونكە زۆنی ترسناكی بڵاوبوونەوەیە.

هەمان رۆژ، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ جاری سێیەم قەدەغەكردنی هاتوچۆی تا 1-4 درێژكردەوە و رۆژی دواتر بە فەرمانی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، سەرجەم هێزە ئەمنییەكان خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و جگە لە قەدەغەكردنی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل، قەدەغەكردنی هاتوچۆی پیادەش راگەیەندرا.
رۆژی دواتر، كە دەكاتە 23-3، 12 حاڵەتی توشبوون لە شاری هەولێر تۆمار كران، كە 9 كەس لەوان بەركەوتەی توشبوویەكی كۆمەڵگای سێبیران بوون و بەمەش وەزارەتی تەندروستیی، كۆمەڵگای سێبیران-ی كەرەنتین كرد و دەستی كرد بە رووپێو و پشكنین بۆ دانیشتووانەكەی، هاوكات دووەم حاڵەتی گیانلەدەستدانیش لە پارێزگای سلێمانی تۆماركرا.

هەر هەمان رۆژ، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە پەیامێكدا داوای لە هاووڵاتییان كرد لە ماڵەكانیان بمێننەوە و پابەندی رێنماییەكان بن و راشیگەیاند، كە قەدەغەكردنی هاتوچۆ تا  1-ی نیسان درێژكراوەتەوە و پەیوەندییەكان سنووردار بكەن و ژیانی كەسانی دیكە مەخەنە مەترسییەوە، جەختی لەوەشكردەوە، كە پشتیوانیی هاووڵاتییان دەتوانێت رێگە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بگرێت.
رۆژی 26-3، ژمارەی توشبووان لە هەرێمی كوردستان گەیشتە 100 كەس و لەو ژمارەیەش 67 لە سلێمانی، 31 لە هەولێر و 2 حاڵەت لە دهۆك تۆماركرابوون.
رۆژی 29-3، 14 توشبووی نوێ لە شاری سلێمانی راگەیەندرا، كە دوو لەوان هیچ پێشینەیەكی گەشتكردنیان نەبوو، هاوكات رۆژی دواتر 8 تووشبووی نوێ لە شاری هەولێر تۆماركرا، جگە لەوەی رۆژانە بەشێوەیەكی بەردەوام ئامارەكانی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ روو لە بەرزبوونەوە بووە، بە شێوەیەكی گشتیش تا رۆژی 1-4 ژمارەی توشبووان لە هەرێمی كوردستان بۆ بەرزبووەوە بۆ 176 حاڵەت، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حكومەتی هەرێمیش، رایگەیاند كە هۆكاری توشبوونی 139 حاڵەتی كۆی توشبوانی كۆرۆنا لە هەرێم، كە دەیكردە رێژەی 79%ی كۆی توشبووانی كۆرۆنا، بەهۆی پابەندنەبوونە بە رێنمایی تەندروستییەكان و بەركەوتنی یەكتر بووە.
رۆژی 1-4 یەكەم حاڵەتی توشبوون تۆماركرا، كە بەشداری لە پرسەیەكی گەڕەكی كارێزانی شاری هەولێری كردبوو، ئەمەش وایكرد كۆی توشبووانی ئەم پرسەیە لەمیانی دوو هەفتەدا، بۆ زیاتر لە 100 كەس بەرزبكاتەوە و تا رۆژی 5-4 ژمارەی بەركەوتووان گەیشتە 25 كەس.
رۆژی 6-4، 41 تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە شاری هەولێر راگەیەندرا كە 39 لەوان بەركەوتەی پرسەكەی كارێزان-ی شاری هەولێر بوون و بەمەش كۆی توشبووانی پرسەكە گەیشتە 64 كەس و رۆژی دواتر بەهۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە لە پرسەكەی گەڕەكی كارێزان، دكتۆر دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی هەولێر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، بەهۆی بەڕێوەچوونی دوو پرسە لە گەڕەكی كارێزان-ی شاری هەولێر تا ئێستا 76 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و بەم هۆیەوەشەوە 9 گەڕەك لە شاری هەولێر، 2 گوندی دەوروبەری هەولێر و 2 شوێنی دیكەش لە سنووری پارێزگای هەولێر، كە دەكەونە ناحیەی سیدەكان و گەڕەكێكی قەزای سۆران، كەرەنتین كراون.

 

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تا ئێستا كۆی توشبووان لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە سەرو 335 كەس، كە زۆرینەی لە هەولێرە و دواتر لە سلێمانی و پاشان هەڵەبجە و ئینجا دهۆك، 4 حاڵەتی گیانلەدەستدانیش هەبووە، كە سەرجەمیان لە پارێزگای سلێمانی بوون. زۆرینەی توشبوانیش چاكبونەتەوە.
رۆژی 26-2، حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)، سەرجەم ناوەندەكانی خوێندنی داخست و رۆژی 1-3 یەكەمین حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە شاری سلێمانی تۆماركرا، كە چوار كەس بوون و دوای ئەوەش رێكارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستی پێ كرد، رۆژی 13-3، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەیاننامەكەیدا، چەند بڕیارێكی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا راگەیاند، بەپێی بڕیارەكە لە كاتژمێر 12:00ی شەو، بۆ ماوەی 48 كاتژمێر، قەدەغەكردنی هاتوچۆی ناوشاری لە هەولێر و سلێمانیی راگەیاند، رۆژی 15-3، جارێكی دیكە وەزارەتی ناوخۆ قەدەغەكردنی هاتوچۆی بۆ ماوەی 72 كاتژمێری دیكە درێژكردەوە. لە رۆژی 22-3، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ جاری سێیەم قەدەغەكردنی هاتوچۆی تا یەكی نیسان درێژكردەوە و رۆژی دواتر بە فەرمانی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، سەرجەم هێزە ئەمنییەكان خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و جگە لە قەدەغەی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل، ئەوا قەدەغەكردنی هاتوچۆی پیادەش راگەیەندرا. رۆژی 1-4، بۆ جاری چوارەم قەدەغەی هاتوچۆ تا 10-4 درێژكرایەوە و رۆژی 10-4یش بۆ جاری پێنجەم قەدەغەكردنی هاتوچۆ تا 16-4 درێژكراوەتەوە و دواجاریش بڕیاری داوە تا 23ی ئەم مانگە بەردەوام بێت، ناشزانرێت تا چەند رۆژی دیكە درێژدەكرێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group