نه‌وا-لاڤه كورده
له چوارچێوه‌ی رێككاره‌كانی خۆپارێزی و پێشگری له بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، دوای داخستنی ده‌رگای خوێندنگه‌كان ده‌رگای مزگه‌وته‌كانیش داخران، به‌ڵام تائێستا بڕیار له كردنه‌وه‌یان نه‌دراوه و به‌هۆی نزیك بونه‌وه‌ی مانگی ره‌مه‌زانیش كه‌سایه‌تیه ئاینیه‌كان داوای كردنه‌وه‌ی مزگه‌وته‌كان ده‌كه‌ن.
ده‌رباره‌ی بڕیاری كردنه‌وه‌ی مزگه‌وته‌كان، نه‌به‌ز ئیسماعیل وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكومه‌تی هه‌رێم له‌میانی به‌شداریكردنی له به‌رنامه‌ی "شه‌قام"ی رادیۆ نه‌وادا وتی "له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه هه‌وڵی جدی هه‌یه و پێشنیاركراوه بۆ لیژنه‌ی باڵای روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا، كه ئه‌گه‌ر مه‌ترسیه‌كه كه‌مێك ره‌ویوه‌ته‌وه، ئه‌وا بۆ مانگی ره‌مه‌زان مزگه‌ته‌كان بكرێنه‌وه و له ژێر رێنماییه ته‌ندروستی و رێكاره‌كاندا بێت، به‌ڵام ئه‌و بڕیاره له‌ئێستادا له‌ده‌ست وه‌زاره‌تدا نییه و ده‌بێت لیژنه‌ی باڵا بڕیاری له‌سه‌ربدات و چاو له وڵاتانی ئیسلامی بكه‌ین و قۆڵتر بیربكه‌ینه‌وه نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای سۆز بێت".
له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستیی گه‌رمیان وه‌ك ئاماده‌كاریه‌ك له ئه‌گه‌ری كردنه‌وه‌ی مزگه‌وته‌كان له ئێستاوه پشكنین ئه‌نجامده‌دات، له‌وباره‌یه‌وه دكتۆر سیروان محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستیی گه‌رمیان كه میوانی به‌رنامه‌ی شه‌قام بو وتی "ئێمه تاكلایه‌نه داوامان كردوه پشكنین ئه‌نجامبدرێت و لیژنه‌ی باڵا تائێستا بڕیاری له كردنه‌وه‌ی مزگه‌وته‌كان نه‌داوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڕیاری كردنه‌وه بدات ئه‌وا وه‌ك ته‌ندروستی ئه‌ركێكی قورسمان له‌سه‌ر شان ده‌بێت و له ئێستاوه ده‌ستمان كردوه به پشكنینی وتارخوێنان و پێشنوێژان و كارمه‌ندانی مزگه‌وته‌كان بۆئه‌وه‌ی ئاماده‌كاری ته‌واو بكرێت و 100 مزگه‌وت له سنوره‌كه‌ی ئێمه‌دا هه‌یه".
هاوكات به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی گه‌رمیان كۆمه‌ڵێك رێنمایی ده‌خاته‌ڕو، كه ئه‌گه‌ر مزگه‌وته‌كان بۆ مانگی ره‌مه‌زان كرانه‌وه، كام هاووڵاتیانه ده‌توانن سه‌ردانی بكه‌ن؟، دكتۆر سیروان محه‌مه‌د وتی "ئه‌و كه‌سانه‌ی نه‌خۆشن و هه‌روه‌ها كه‌سانی به‌ته‌مه‌ن باشتره له ماڵه‌وه ئه‌ركه ئایینیه‌كه‌یان جێبه‌جێبكه‌ن و هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی سه‌ردانی مزگه‌وت ده‌كه‌ن ده‌بێت نێوانیان زۆر بێت و ریزهكانیش رێك‌بخرێن تا كه‌مترین قه‌ره‌باڵغی دروستببێت".