مه‌سرور بارزانی: بڕینی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم بڕیارێكی نایاساییه‌

27/04/2020

نه‌وا
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ڵێت، بڕینی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ بڕیارێكی نایاساییه‌ و فشارێكی سیاسییه‌ له‌ دژی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان .
مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ نوێنه‌ری سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق جینین پلاسخارت كرد .
به‌پێی راگه‌یه‌نراوێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی  كوردستان سه‌ردانی به‌غدایان كرد و نیازپاكی خۆیان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌ سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور نیشاندا و چه‌ندین پێشنیاریشیان بۆ چاره‌سه‌كردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان خسته‌ڕوو كه‌ سه‌ره‌نجام له‌ كۆتایی ساڵی رابردوو، حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدرالی گه‌یشتنه‌ له‌یه‌كگه‌یشتنێكی باش له‌ باره‌ی نه‌وت و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم به‌ جۆرێك كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی به‌غدا بكات و حكومه‌تی فیدرالیش بڕی (900) نۆسه‌د ملیۆن دۆلار وه‌ك مووچه‌ و شایسته‌ی دارایی بۆ هه‌رێمی كوردستان  بنێرێت به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دواتر كاربه‌ده‌ستانی به‌غدا ئاماده‌ییان بۆ جێبه‌جێكردنی نه‌بوو.
سه‌رۆكی حكومه‌ت جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ نابێت حكومه‌تی فیدراڵی بابه‌تی مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان وه‌كو كارتێكی سیاسی و سزادان له‌ دژی  هاووڵاتییانی هه‌رێم به‌كاربهێنێت كه‌ ئه‌مه‌ دژی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و هاووڵاتییانی هه‌رێمه‌.
له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراقیش، سه‌رۆكی حكومه‌ت هاوكاری و پشتگیریی هه‌رێمی كوردستانی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ ده‌ربڕی له‌ سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شیی و پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستوور.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group