ئەمریكا بەشێك لە سیستەمی پاتریۆتی لە سعودیە كشاندەوە

08/05/2020 جیهان

نەوا
بەرپرسێكی ئەمریكی دەڵێت، وڵاتەكەی بەشێك لە سیستەمی بەرگریی موشەكی پاتریۆتی لە سعودیە كشاندۆتەوە.
ئەو بەرپرسە ئەمریكیە بە ئاژانسی ئەسۆشیتدپرێسی راگەیاندووە، دوو بنكەی پاتریۆت كە لە ماوەی رابردوودا بەمەبەستی پاراستنی دامەزراوە نەوتیەكانی سعودیە جێگیركرابوون، لەو وڵاتە دەبرێنە دەرەوە.
راشیگەیاند، 300 سەربازی ئەمریكیش كە لە گەڵ ئەو سیستەمە بەرگریە موشەكیە رەوانەی سعودیە كرابوون، لەو وڵاتە دەكشێنرێنەوە.
بەرپرسە ئەمریكیەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، كە تا ئێستا دیار نییە كشانەوەی ئەو سیستەمە بەرگریە موشەكیانە پەیوەندیان بە ناكۆكیەكانی واشنتۆن و ریازەوە هەیە لەسەر نەوت یان نا.
لای خۆیەوە دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا سەبارەت بە كشانەوەی بەشێك لە هێزەكانی لە سعودیە رایگەیاندووە، ئەوە بەشێكە لە جێگۆڕكێی هێزەكانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هیچ پەیوەندیەكی راستەوخۆی بە سعودیەوە نییە و زیاتر پەیوەندی بە وڵاتانی ترەوە هەیە، بە بێ ئەوەی هیچ زانیاریەكی زیاتر بخاتەڕوو.
دوابەدوای هێرشەكەی هاوینی رابردوو بۆ سەر دامەزراوە نەوتیەكانی سعودیە، كە ئێران بە ئەنجامدانیان تۆمەتبار كرابوو، ئەمریكا دوو بنكەی پاتریۆتی لە نزیك دامەزراوە نەوتیەكانی ئەو وڵاتە جێگیركردبوو.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group