هه‌ولێر... پیشه‌وه‌رانی بازاڕی ئیسكان داوای كردنه‌وه‌ی دوكانه‌كانیان ده‌كه‌ن

09/05/2020

نه‌وا-سه‌عید عه‌بدوڵڵا-هه‌ولێر
به‌مه‌به‌ستی كردنه‌وه‌ی دوكانه‌كانیان و به‌رزكردنه‌وه‌ی داواكارییان، خاوه‌ن پیشه‌ و دوكانداره‌كانی بازاڕی ئیسكان له‌به‌رده‌م پارێزگای هه‌ولێر گردبوونه‌وه‌.
ئه‌مڕۆ 9ی ئایاری 2020 ژماره‌یه‌ك له‌ خاوه‌ن دوكانه‌كانی بازاڕی ئیسكان كه‌ خاوه‌ن كافتریا و چێشتخانه‌ و ده‌ستگێڕه‌كانی بازاڕه‌كه‌ن له‌به‌رده‌م پارێزگای هه‌ولێر گردبوونه‌وه‌ و سه‌رخێڵ عوسمان نوێنه‌ری ئه‌و دوكاندارانه‌ به‌ رادیۆی نه‌وای راگه‌یاند، زیاتر له‌ سێ مانگه‌ ئه‌و بازاڕه‌ داخراوه‌ كه‌ نیشانه‌ی جوانی شاره‌كه‌یه‌، بۆیه‌ به‌ناچاری ئێستا هاتووین تاوه‌كو بڕیارێك بدرێت له‌باره‌ی كردنه‌وه‌ی ئه‌و بازاڕه‌ چونكه‌ ئێمه‌ش زیانی زۆرمان به‌ركه‌وتووه‌.
وتیشی: "زیاتر له‌ 500 دوكان و ده‌ستگێڕ كه‌ زیاتر له‌ پێنج هه‌زار كه‌س نانی له‌سه‌ر په‌یدا ده‌كه‌ن بێكارماون".
له‌باره‌ی داواكارییه‌كانیانه‌وه‌ ئه‌و نوێنه‌ره‌ی بازاڕی ئیسكان وتی: "داوا له‌ پارێزگار و قائیمقامی هه‌ولێر ده‌كه‌ین به‌هه‌ر مه‌رج و رینماییه‌ك بێت رێگه‌مان بده‌ن دوكانه‌كانمان بكه‌ینه‌وه‌و ئاماده‌ی هه‌موو رێكارێكیشن بیگرینه‌به‌ر، چونكه‌  ئێمه‌ رۆژانه‌ هێشتا خه‌رجیمان هه‌یه‌ له‌وانه‌ش كرێكار و شاگرد و پاره‌ی باج و شاره‌وانیش ده‌ده‌ین بۆیه‌ پێویسته‌ رێگه‌مان بده‌ن دوكانه‌كان بكه‌ینه‌وه‌".

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group