سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بێ منەتی خۆی رادەگەیەنێت

10/05/2020

نەوا
ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت "ئەوەندە باوەڕم بەخۆم و رابردوم هەیە، هیچ باكم نیەو منەتی هیچ كەس و لایەنێكیش نازانم و هەر رۆژ یان شەوێك بیانەوێ لەبەردەم یاسا بەسەربەرزی دەوەستم و چ پێویستیش ناكات پارێزبەندیم هەبێ یان نەبێ".
ئومێد خۆشناو لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی "ئێستا نییە ئەو قسە بێمنەتییە دەكەم، چەند ساڵێكە لەو دەمەی هەست دەكەم كەسانێكی پاشخان پیس بەدوامەوەن، لە وەڵامی ئەو هەوڵەیان هەمیشە بێمەنتیم هەڵبژاردوە، ئەگەر راستیتان دەوێ، نەك خۆم، بەڵكو بەردەوام وتومە حەزدەكەم رابردوی باب و باپیرانیشم هەڵدەنەوە هیچ منەتتان نەبێ، ماوە ماوەش ناوێك یان ناتۆرەیەكم بۆ هەڵدەبەستن و هیچ  قیمەتی نەبوە لای من و خەڵكی كوردستان".
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان دەشڵێت "ئێستا تەئكیددەكەمەوە بێمنەت بن و چی لەدەستان دێت بیكەن، لەجیاتی ئەو پرتە و بۆڵەی دەیكەن و پەیامی لابەلا دەنێرن، ئازابان رۆژی 7ی ئایار شاگردەكانی خۆتان بناردایە هۆڵی پەرلەمان و با دەنگیان بە هەڵگرتنی پارێزبەندیەكەمان بدایە و ئەو 3 دەنگەی، كە رەزامەندبون بەهەڵگرتنی پارێزبەندی، كە خۆم یەكێك بووم لەو 3 دەنگە، لەگەڵ دەنگی شاگردەكانتان، بایی هێندە دەبوو پارێزبەندیەكەم هەڵبگیرێ، ئەوكات لەبەردەم دادگا من و ئێوە دوو قسەمان دەكرد".
پێنجشەممەی رابردوو 7ی ئایار، پەرلەمانی كوردستان دەنگی بۆ لێسەندنەوەی پارێزبەندی لە چوار پەرلەمانتار دا و ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی بە 3 دەنگ نەتوانرا پارێزبەندی لێوەربگیرێتەوە، هەریەك لە عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان و شیرین ئەمین ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان بە 4 دەنگ ئەوانیش پارێزبەندیان لێنەسەندرایەوە، بەڵام سۆران عومەر ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵ بە 57 دەنگ پارێزبەندی لەسەر هەڵگیرا.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group