نەوا-لاڤە كوردە
وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان بڕیاری كردنەوەی دەرگای مزگەوتەكانی دەركرد و وتەبێژی وەزارەتەكەش داوادەكات ناوەڕۆكی رێنماییە تەندروستیەكان جێبەجێ بكرێن بۆئەوەی دووبارە دەرگای مزگەوتەكان دانەخرێنەوە.
بۆ پێشگرتن لە زیاتر بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان، زیاتر لە دوو مانگە دەرگای مزگەوتەكان داخراون و داواكارییەكی زۆر هەبو بۆ كردنەوەیان، لەوبارەیەوە نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێم بۆ رادیۆ نەوا وتی "بڕیاردراوە لە سبەینێ (دووشەممە)وە دەرگای مزگەوتەكان بكرێنەوە و بڕیارەكەش گشتگیرە و كردنەوەی مزگەوتەكان بە رێنماییە تەندروستیەكانەوە دەبێت، بە چەند خاڵێكیش رێنماییەكان لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە پێمان دەگات و دواتر بە فەرمی بڕیارەكە رادەگەیەنین".
وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم داوا لە مامۆستایانی ئایینی و نوێژخوێنانیش دەكات، ناوەڕۆكی رێنماییە تەندروستییەكان جێبەجێبكەن بۆئەوەی دەرگای مزگەوتەكان بە كراوەیی بمێننەوە و دوبارە دانەخرێنەوە.