موعجیزه‌كانى فڕۆكه‌كه‌ى پاكستان.. دوو كه‌س له‌و كاره‌ساته‌ گه‌وره‌یه‌ رزگاریان بو

پێش 2 هەفتە

نه‌وا
له‌ روداوى كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ى فڕۆكه‌ پاكستانییه‌كه‌، كه‌ 99 كه‌سى تێدابو، ته‌نها دوو كه‌س رزگاریان بوه‌، ئه‌وه‌ش هیچى كه‌متر نییه‌ له‌ "موعجیزه‌"، هه‌روه‌ها یه‌كێك له‌ كچه‌ ئه‌ندامه‌كانی ستافی ناو فڕۆكه‌كه‌ له‌كۆتا ساته‌كاندا نه‌چوه‌ته‌ فڕۆكه‌كه‌وه‌ و گه‌شتى نه‌كردوه‌.
فڕۆكه‌كه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى لاهوره‌وه‌ فڕیوه‌ و ده‌یان سه‌رنشینی پاكستانى ویستیان به‌ره‌و كاراچى پایته‌ختى باشورى وڵاته‌كه‌یان بڕۆن تا پشوه‌كانى جه‌ژنى ره‌مه‌زان له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانیان به‌سه‌ربه‌رن، به‌ڵام مردن رێگه‌ى پێگرتن و فڕۆكه‌كه‌ به‌ تێكشكاوى گه‌یشته‌ ئه‌و شاره‌.
پێشبینییه‌كان بۆئه‌وه‌بون، ئه‌سته‌مه‌ كه‌س بتوانێت له‌ روداوێكى له‌و جۆره‌دا رزگارى ببێت، به‌تایبه‌تى كه‌ دواى تێكشكانى، فڕۆكه‌كه‌ بوو به‌ پارچه‌یه‌ك له‌ ئاگر، به‌ڵام رۆژى دوو سه‌رنشین كۆتاییان نه‌هاتبو.
رزگاربوى یه‌كه‌م: محه‌مه‌د زوبه‌یر - ئه‌ندازیار
سه‌باره‌ت به‌ روداوه‌كه‌، ئه‌ندازیار "محه‌مه‌د زوبه‌یر" كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ دوو رزگاربوه‌كه‌ ده‌ڵێت "هه‌وڵى یه‌كه‌مى فڕۆكه‌كه‌ بۆ نیشتنه‌وه‌ شكستیهێنا و فڕۆكه‌وانه‌كه‌ دواى 10 خوله‌ك رایگه‌یاند، كه‌ دوباره‌ هه‌وڵده‌داته‌وه‌، بۆیه‌ سه‌رنیشنه‌كان ده‌ستیانكرد به‌ نزا و پاڕانه‌وه‌ و نه‌یانده‌زانى چى به‌سه‌ریاندا دێت، دواتر هه‌ستم به‌ سێ به‌ركه‌وتنى توندى فڕۆكه‌كه‌ كرد و بورامه‌وه‌".
محه‌مه‌د زوبه‌یر، كه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌ و چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرێت، رونیشیكردوه‌ته‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ى هۆشى به‌به‌ردا هاتوه‌ته‌وه‌، هه‌موو ئه‌وه‌ى ده‌یبینى دوكه‌ڵ و ئاگر بوه‌، گوێی لێبوه‌ ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ ده‌وروبه‌ری هاواریان ده‌كرد، به‌ڵام كه‌سی نه‌ده‌بینى.
ده‌شڵێت "به‌ختم هه‌بو، كه‌ ئاگره‌ زۆره‌كه‌ نه‌گه‌یشتبوه‌ من و قایشى خۆبه‌ستنه‌وه‌كه‌م كرده‌وه‌ و توانیم 10 پێ باز بده‌م تا له‌ ناوچه‌ى مه‌ترسییه‌كه‌ دوربكه‌ومه‌وه‌".
ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ باسی له‌وه‌كردوه‌، له‌ لاهوره‌وه‌ به‌ره‌و كاراچى گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى جه‌ژن له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا بكات، به‌ڵام وه‌ك ده‌سه‌ڵاتداران ده‌ڵێن "زوبه‌یر هه‌رچه‌نده‌ رزگاری بوه‌، به‌ڵام 30%ی جه‌سته‌ى سوتاوه‌".


رزگاربوى دووه‌م: زافر مه‌سعود – سه‌رۆكى بانكى پنجاب له‌ پاكستان
زافر مه‌سعود ته‌نها چه‌ند برینێكى سوكى هه‌یه‌ و ده‌ڵێت "به‌ موعجیزه‌ له‌وكاته‌ى فڕۆكه‌كه‌ تێكشكا كورسییه‌كه‌م په‌ڕیه‌ ده‌ره‌وه‌ و داى به‌ زه‌ویدا و له‌وكاته‌شدا بورامه‌وه‌، دواى ماوه‌یه‌كى كه‌م به‌هۆش خۆم هاتم، ئه‌ویش كاتێك خه‌ڵكه‌كه‌ رایانده‌وه‌شاندم و ده‌یانوت زیندوه‌".
ده‌شڵێت "دواى ماوه‌یه‌كى كه‌م به‌هۆى ئازارى زۆره‌وه‌ دوباره‌ بورامه‌وه‌ و نازانم دواى ئه‌وه‌ چى رویدا، ئێستا هه‌ستده‌كه‌م زۆرباشم، به‌ڵام ده‌ست و قاچم به‌رێژه‌یه‌كى كه‌م سوتاون، خودا ره‌حمى پێكردم"، ده‌سه‌ڵاتدارانیش ده‌ڵێن "زافر ته‌نها چه‌ند شكان و برینێكى سوكى هه‌یه‌".
رزگاربوى سێیه‌م: مه‌دیحه‌ ئیرام – كچه‌ ئه‌ندامی ستافی ناو فڕۆكه‌كه‌
یه‌كێكى دیكه‌ له‌ كه‌سه‌ به‌خته‌وه‌ره‌كان، مه‌دیحه‌ ئیرامه‌، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ستافی هێڵى فڕۆكه‌وانى پاكستان، له‌ كۆتا ساته‌كانى گه‌شته‌كه‌دا گۆڕانكارییه‌ك له‌ خشته‌ى كاره‌كه‌یدا روده‌دات و ئه‌وه‌ش ژیانى رزگار ده‌كات.
به‌پێى زانیاریه‌كان بڕیاربوه‌ مه‌دیحه‌ له‌و گه‌شته‌دا بێت، به‌ڵام گۆڕانكارى له‌ خشته‌ى ستافه‌كه‌دا رویداوه‌ و له‌برى مه‌دیحه‌ "ئانام مه‌قسود"، كه‌ یه‌كێكى دیكه‌ بوه‌ له‌ كچه‌كانی كۆمپانیاكه‌، گه‌شته‌كه‌ى كردوه‌.
هه‌روه‌ها به‌ گوێره‌ی كۆتا زانیاریه‌كان، گه‌شته‌كه‌ 51 پیاو و 31 ژن و 9 منداڵ و 8 ئه‌ندامی ستافی فڕۆكه‌وانى تێدابوه‌، له‌ناو سه‌رنشینه‌كاندا كارمه‌ندانى بانك و پزیشك و لێكۆڵه‌ر و سه‌رباز و چالاكوانى مه‌ده‌نى هه‌بون، تائێستاش ته‌نها ته‌رمى 19 كه‌سیان ناسراونه‌ته‌وه‌ و زۆرینه‌ى ته‌رمه‌كان به‌ته‌واوه‌تى سوتاون و لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ ناسینه‌وه‌یان به‌رده‌وامه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و ناوچه‌ نیشته‌جێبونه‌ى كاراچى، كه‌ فڕۆكه‌كه‌ى تێدا كه‌وته‌خواره‌وه‌، سه‌ره‌ڕاى زیانێكى زۆرى مادى كه‌سى تێدا نه‌مردوه‌ و ته‌نها سێ كه‌س برینداربون.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group