نەوا
بەپێی بڕیاری حکوومەتی ھەرێم شەشھەزار خانووی زێدەڕۆ لە سەنتەری شاری دھۆک تاپۆ دەکرێن و بەرپرسێکی سەرۆکایەتیی شارەوانیی دھۆکیش ئاشكرای دهكات، ڕێکاری تاپۆکردنیان تەواو بووە و بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی تاپۆ چاوەڕێی ڕێنماییی حکوومەتین.
ئیسماعیل مستەفا، بەرپرسی ڕاگەیاندنی شارەوانیی دھۆک ڕایگەیاندوه، "ئیدارەی پارێزگای دھۆک بڕیاری داوە کێشەی خانووە زێدەڕۆکان چارەسەر بکات و لەسەر خاوەنەکانیان تاپۆ بکرێن، چونکە ھاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان لە دھۆکیش خانووی زێدەڕۆ ھەن و پێویستیان بە چارەسەرکردن ھەیە، بەتایبەتی شەشھەزار خانوو لە دوای ڕاپەڕین دروست کراون، خەریکە دەگەینە قۆناغی کۆتایی بۆ تاپۆکردن".
بهوتهی بەرپرسەکەی شارەوانیی دھۆک، "ئەو خانووانە ھەموو ڕێکارێکیان تەواو بووە و خراونەتە نێو ماستەرپلان و ئەگەر خانوویەک لەسەر زەویی خزمەتگوزاری دروست نەکرابێت بەپێی ڕێنمایی و بڕیاری حکوومەت لەسەر خاوەنەکەی تاپۆ دەکرێت."
لەبارەی زەویی زێدەڕۆوە ئیسماعیل مستەفا له كۆتایی لێدوانهكهی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی وتی: "لە دھۆک کەمتر کێشەی زەویی زێدەڕۆ ھەیە ئەوەی ھەیە خانووە زیاتر، ئێمە زەویی زێدەڕۆ بە مڵکی حکوومەت دەزانین و ھیچ بڕیارێک نایانگرێتەوە بۆ ئەوەی بەناوی ئەوکەسانەوە بکرێت، کە دەستیان بەسەردا گرتوە، بەلکو زەوی مڵکی حکوومەتە و ھەرکاتێک زێدەڕۆیی بکرێتە سەر، بەپێی یاسا سەرپێچیکاران سزا دەدرێن."