كۆمه‌ڵ هه‌ڵوێستی خۆی له‌ باره‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ سۆران عومه‌ر راگه‌یاند

15/07/2020

نه‌وا
وتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی هەڵوێستی فەرمی حزبەکەی لەسەر دەستلەکاركێشانەوەی سۆران عومەر راگەیاند و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ پەرلەمانتارەکەیان باجی هەڵوێستە بوێرەکانی دەدات.
رێبوار حەمەد وتەبێژی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی به‌ میدیای فه‌رمی حزبه‌كه‌ی راگه‌یاند: "لای هەموو لایەک ئاشکرایە کە سۆران عومەر لە لە دوو خولی  پەرلەماندا لە پەرلەمانتارە هەرە چالاک و بوێرەکان بووە و ئازایانە بەرامبەر ئەو ستەم و گەندەڵکارییە وەستاوەتەوە کە بە شێوەیەکی رێکخراو و پلان بۆ داڕێژراو بە ناو جومگەکانی حکومەتی هەرێمدا بڵاوبووەتەوە و بە وردی دەستی خستوەتە سه‌ربرینە قوڵەکانی حکومڕانی، هەمیشە بە ئاڕاستەی بەرگریکردن لە مافی خەڵک و هاوڵاتیان کاری کردووە".
وتیشی: "بە روونی دەیڵێین سۆران عومەر بە هەڵگرتنی پارێزبەندییەکەی و دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆی، باجی هەڵوێستە ئازایانەکانی دەدات کە بەرگری لە خەڵکی بەشمەینەت کردووە و نەیویستووە پەرلەمانتارێکی بێدەنگ بێت و بە ئەرکی سەرشانی خۆی هەڵنەستێت".
رێبوار حەمەد راشیگەیاند: "ئێمە وەك کۆمەڵی ئیسلامی رەخنەی جدیمان لەسەر ئەوە هەیە کە پەرلەمانتار لەسەر بەجێگەیاندنی ئەرکی سەرشانی خۆی و رەخنەگرتن لە بەرپرسانی حکومەت بە سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکانیەوە دادگایی بکرێن و سزا بدرێن، کە ئەرکی پەرلەمانە وەک دامەزراوە وە ئەرکی پەرلەمانتارانیشە وەک نوێنەری خەڵک لێپرسینەوە لە بەرپرسان بکەن و بەدوای کەموکوڕییەکانیاندا بچن و راستییەکان بۆ رای گشتی ئاشكرا بكەن".
لەسەر هەڵوێستی حزبەکەی سەبارەت بە بڕیاری دەستگیرکردنی سۆران عومەر وتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی ئاماژەی بەوەکرد: "ئێمە باوەڕمان وایە پەرلەمانی کوردستان بەم هەڵگرتنی پارێزبەندی و ئەو دۆخەی ئێستا پێی تێدەپەڕێت رووبەڕووی پرسیاری جدیی دەبێتەوە و متمانەی لای هاوڵاتی کەمتردەبێتەوە، بەتایبەتی پاش ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان بە فەرمی بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی سۆران عومەری هەڵوەشاندەوە و بە نایاسایی ناوی برد، بەڵام دواتر وەک بینیمان نوسراوەکەی سەرۆکی پەرلەمان لەلایەن دامەزراوەکانی حکومەتەوە هیچ حسابێکی بۆ نەکرا و رەتکرایەوە و دواتریش فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ پەرلەمانتارەکەی كۆمەڵ بەدوادا هات، باوەڕمان وایە پەرلەمان وەک باڵاترین دامەزراوەی یاسادانان دەبێت پێداچوونەوە بە سەنگ و قورسایی خۆیدا بکاتەوە کاتێک کە هیچ بەهایەک بو فەرمانێکی سەرۆکەکەی دانەنرێت".
سه‌باره‌ت به‌ وردەکاری ڕێکارەکانی بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەکە وتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی وتی: "بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەکە بە راوێژ بووە لەگەڵ ئەمیر و ئەنجومەنی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی و هەردوولا رەزامەندییان لەسەر داوە، باوەڕمان وایە کە دەستلەکارکێشانەوە مافێکی ئاسایی و یاسایی پەرلەمانتارە".
لەسەر جێگرەوەی سۆران عومەر رێبوار حەمەد ئاشکرایکرد: بە پێی ریزبەندی دەنگی کاندیدەکانی لیستی 194ی کۆمەڵی ئیسلامی کە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018ی پەرلەمانی کوردستان بەدەستیان هێناوە جێگرەوەکە دیاری دەکرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group