كازمی پێشوازی لە پەیامەكەی سیستانی دەكات

14/09/2020 عێراق

نەوا
مستەفا كازمی پێشوازی لە پەیامەكەی عەلی سیستانی دەكات لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئازاد و دادپەروەر، سوریشە لەسەر بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی سەرەڕای ئاستەنگەكان.
دوای بڵاوبونەوەی پەیامەكەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەخت و چەند پرسێكی دیكە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، دەڵێت "بە رێز و پێزانینەوە رێنماییەكانی بەڕێز سەید عەلی سیستانیمان پێگەیشت، دڵنیایی دەدەین ئەو رێڕەوەی مەرجەعیەت و رێنماییەكانی، خواست و داوای لەپێشینەی گەلی عێراقن، هاوكات رێنیشاندەری ئێمەن بۆ بەدیهێنانی خواستەكانی گەلەكەمان بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێكی پێشوەخت و ئازاد و دادپەروەر".
كازمی دڵنیاییش دەدات، كە حكومەتەكەی بەردەوام دەبێت لە هەنگاوەكانی بۆ پاراستنی سەروەری، سەپاندنی شكۆی دەوڵەت و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی، سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی روبەڕوی دەبنەوە.
سەرۆك وەزیرانی عێراق دوپاتیكردووەتەوە، حكومەت سورە لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو كەسانە بكات، كە دەستیان بە خوێنی عێراقییەكان سوورە، لەو چوارچێوەیەدا بەوتەی كازمی "قۆناغی یەكەمی لێكۆڵینەوە بە ژماردنی قوربانیان و شەهید و بریندارەكانی خۆپیشاندانەكان كۆتاییهاتووە، قۆناغی دووەمیش بەمنزیكانە دەستپێدەكات و بریتییە لە لێكۆڵینەوەی دادی و دەستنیشانكردنی ئەوانەی دەستیان لە رشتنی خوێنی عێراقییەكاندا هەیە، بۆ رادەستكردنیان بە دادگا".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group