پارتێكی سوێد دەیەوێت پەكەكە لە لیستی تیرۆر دەربهێنێت

16/09/2020

نەوا
پارتێكی سویدی بەنیازە پرسی دەرهێنانی پەكەكە لە لیستی تیرۆر بكاتە رۆژەڤ لە وڵاتەكە.
لەو بارەیەوە هاكن سڤینەلیگ پەرلەمانتاری پارتی چەپی سوید و وتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی پارتەكە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات كردووە، رایگەیاندوە، دوای داخستنی دۆسیەی كوشتنی ئۆلف پاڵمێ سەرۆك وەزیرانی پێشوتری سوید، پرسی دەرهێنانی ناوی پەكەكە لە لیستی تیرۆر دەكەنە بابەتی گفتوگۆ و دەیخەنە رۆژەڤی سوید و یەكێتی ئەوروپاوە.
ئەو پەرلەمانتارەی سوید پێی وایە، لە پرسی كوشتنی پاڵمێ، بەرپرسانی دەوڵەت بە دوای زانیاریی هەڵەدا چوون و پەكەكەیان وەكو تاوانبار پیشان دەدا، كە ئەوە كارێكی هەڵە بووە، بۆیە دوپاتیكردوەتەوە، داواكاریی دەركردنی پەكەكە لە لیستی تیرۆر داواكاریەكی راست و لەجێی خۆیەتی و ئەو پرسە دەكەنە بابەتی گەرمی گفتوگۆ لە پەرلەمانی سوید و پەرلەمانی ئەوروپا.
پێشتریش، پارتی چەپ لە كۆنگرەكەی ساڵی 2016یدا ، بۆ ئەوەی پەكەكە لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت، ئەركێكی تایبەتی بە سەركردایەتیی پارتەكەی سپاردوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group