ئه‌مریكا فشاره‌كان توندتر ده‌كاته‌وه‌.. سزای نوێی به‌سه‌ر ئێراندا سه‌پاند

پێش 4 هەفتە نه‌وا

نه‌وا
ئه‌مریكا به‌ ئاراسته‌ی هه‌وڵه‌كانی بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سزاكانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان بۆ سه‌ر تاران، ناوی 26 كه‌سایه‌تی و كۆمپانیا و دامه‌زراوه‌ی په‌یوه‌ست به‌ به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئێرانی خسته‌ ناو لیستی سزاكانه‌وه‌.
ورده‌كاری ئه‌و بڕیاره‌ نوێیه‌ی واشنتۆن له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا به‌ به‌شداری وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌، به‌رگری، گه‌نجینه‌ و بازرگانی ئه‌مریكا و كیلی كرافت باڵیۆزی ئه‌و وڵاته‌ له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان و رۆبێرت ئۆبراین راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی كۆشكی سپی خرایه‌ڕوو.
به‌شێك له‌و 26 كه‌سایه‌تی و كۆمپانیا و دامه‌زراوانه‌ی خراونه‌ته‌ لیستی سزاكانه‌وه‌، په‌یوه‌ندیان به‌ به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمیه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌وانه‌ پێنج زانای ئه‌و بواره‌ و به‌شێكی تریشیان هاوكاری حكومه‌تی تاران ده‌كه‌ن له‌ به‌ره‌وپێشبردنی به‌رنامه‌ موشه‌كیه‌كه‌ی.
ستیڤ منوچین وه‌زیری گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، دوو كۆمپانیای شه‌هید هیمه‌ت و حاج عه‌لی مووه‌ده‌ت كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ به‌رنامه‌ی موشه‌كه‌ دورهاوێژه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ لیستی سزاكاندان.
ویلبێر راس وه‌زیری بازرگانی ئه‌مریكاش رایگه‌یاند، پێنج زانای ئه‌تۆمی ئێران كه‌ رۆڵی سه‌ره‌كیان له‌ پێشخستنی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئێراندا هه‌یه‌ خراونه‌ته‌ لیستی سزاكانه‌وه‌.
هاوكات مارك ئیسپه‌ر وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا وتی، بڕیاره‌ نوێكه‌ی واشنتۆن په‌یامێكی روونه‌ بۆ وڵاتانی جیهان و ناوچه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له‌ حكومه‌تێك به‌دوربگرن كه‌ هۆكاری ناسه‌قامگیری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌.
جه‌ختیشی كرده‌وه‌، به‌ هۆی سزاكانی ئه‌مریكاوه‌ حكومه‌تی ئێران له‌سه‌رچاوه‌كانی داهات بێ به‌ش بووه‌ن به‌وه‌ش وه‌ك جاران ناتوانێت هاوكاری گروپه‌ توندڕه‌وه‌كانی وه‌ك حوسیه‌كانی یه‌مه‌ن و حزبوڵا بكات، ئه‌مه‌ش سودی به‌ ئاسایش و ئارامی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گه‌یاندووه‌.
مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكاش داوای له‌ فه‌ره‌نسا، به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا كرد پشتی واشنتۆن بگرن له‌ جێبه‌جێ كردنی بڕیاری گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سزا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بۆ سه‌ر ئێران.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ نوێیه‌ی ئه‌مریكا دوای ئه‌وه‌ دێت، كه‌ ئه‌و وڵاته‌ میكانیزمی په‌له‌پیتكه‌ی كارا كرد و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سزانێوده‌وڵه‌تیه‌كانی بۆ سه‌ر ئێران راگه‌یاند.
به‌پێی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ساڵی 2015 هه‌ر كات ئێران پابه‌ند نه‌بێت به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌وه‌ وڵاتانی به‌شدار ده‌توانن میكانیزمی په‌له‌پیتكه‌ كارا بكه‌ن، به‌و واتایه‌ی كه‌ دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی حكومه‌تی تاران ببه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و له‌ ماوه‌ی مانگێكدا سزاكانی به‌سه‌ردا بسه‌پێننه‌وه‌.
له‌به‌رامبه‌ردا ئێران، روسیا، چین، فه‌ره‌نسا، به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا باس له‌وه‌ده‌كه‌ن به‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ ساڵی 2018ه‌وه‌ له‌و رێككه‌وتنه‌ كشاوه‌ته‌وه‌، ناتوانێت میكانیزمی په‌له‌پیتكه‌ كارا بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group