هۆشداری ده‌درێت له‌ تۆماركردنی سكاڵای یاسایی لەسەر حكومەتی هەرێم

18/10/2020

نه‌وا
یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان یاداشتێك ئاڕاستەی جێگری سەرۆكی حكومەت، سەرۆكایەتی پەڕلەمان و فراكسیۆنەكانی پەڕلەمانی كوردستان دەكات و داوای چارەنووسی یەك ساڵی ڕابردووی مووچەكانیان دەكات.
مەڵبەندی گشتی سلێمانی یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دوای 61 ڕۆژ پێدانی بڕی 100 هەزار بۆ 150 هەزار هیچ لەژیانی كەمئەندامان ناگۆڕدرێت.
ئاماژه‌ به‌شكراوه‌، "مووچەی یەك ساڵی كەمئەندامان بە یەك تەلەفۆن ڕاگیرا، كە پێویست بوو مووچەی مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو دابەش بكرایە، بەڵام ئەمڕۆ مووچەی مانگی 9ی ئەمساڵ دابەشكرا، بۆیە چارەنووسی مووچەی یەك ساڵمان نادیارە و پێویستە ڕوونكردنەوە بدرێت، كە ئەو مووچانەمان چی لێ بەسەر دێت".
ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو، ئەمڕۆ وەك ڕێكخراوی یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان بەڕەسمی یاداشتێك پێشكەش بە جێگری سەرۆكی حكومەت و سەرۆكایەتی پەڕلەمان و فراكسیۆنەكانی پەڕلەمانی كوردستان دەكەین و داوای چارەنووسی مووچەی ئەو ساڵەمان دەكەین، ئەگەر هیچ وەڵاممان نەدرێتەوە بەواجبی خۆمانی دەزانین سكاڵای یاسایی لەسەر حكومەتی هەرێم تۆمار بكەین و داوای مافە داراییەكانی خۆمان بكەین.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group