باره‌گای بارزانی په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌

20/10/2020

نه‌وا
بارەگای مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی په‌یامێكی لەبارەی ساڵیادی شه‌ڕی پردێ بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە كە "ئەم داستانە، داستانی پاراستنی قەوارەی کوردستانە".
لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك په‌یامێكی بڵاوكردۆته‌وه‌، كه‌ تیایدا هاتووه‌ "ئەمڕۆ سێ ساڵ بە سەر "داستانی پردێ"دا تێدەپەڕێت، لەو شەڕەدا هێزی پێشمەرگە بە هیمەتی بەرز و فیداکارییەوە توانی پلانی لەناوچوونی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان پووچەڵ بکاتەوە".
راشیگه‌یاندووه‌، "بەرگریی کەموێنەی پێشمەرگە و زەبر وەشاندنی لە پەلاماردەران، نەك هەر هاوكێشەی سەربازی، بەڵكو هاوكێشە سیاسییەكەشی گۆڕی، پێشمەرگە دووپاتی کردەوە کە هەر قەڵغانە پتەوەکەی پاراستنی کوردستانە".
بارەگای بارزانی لە كۆتاییشدا نووسیویەتی "لەم یادە پڕ شانازییەدا، سڵاو لە خۆڕاگری و خۆنەچەماندنی پێشمەرگە قارەمانەکان، دروود بۆ گیانی شەهیدانی ئەو نەبەردییە مەزنە".
پێشتریش مه‌سعود بارزانی له‌ تویتێكدا نوسیبووی، كه‌ ئه‌مڕۆ وه‌ك دوێنێ نییه‌ و سبه‌ینێش وه‌ك ئه‌مڕۆ نابێت.
رۆژی 20ی ئۆكۆتبه‌ری ساڵی 2017 و له‌دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر له‌ نزیك پردێ شه‌ڕ له‌ نێوان هێزه‌ عیراقییه‌كان و پێشمه‌رگه‌ روویدا و پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ك "داستان" باس له‌و شه‌ڕه‌ده‌كات و پێی وایه‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان ئامانجی له‌ناوبردنی قه‌واره‌ی هه‌رێمیان هه‌بووه‌، به‌ڵام رێگرییان لێكردوون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group