مامۆستایانی ناڕازی: چاوەڕێی بڕیارەكانی رۆژی یەكشەممەی داهاتوین

29/10/2020

نەوا
ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی، سەرەڕای جەختكردنەوە لە بەردەوامیی بایكۆت، دوپاتیدەكەنەوە چاوەڕێی بڕیارەكانی رۆژی یەكشەممەی داهاتوون لەبارەی پرۆسەی خوێندنەوە.
ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، دەڵێن، "بەداخەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم و وەزارەتی پەروەردە، لە ئێستادا لە ژێر فشاری حیزبەكانیاندا و لە پێناوی كورسیەكانیان، دەیانەوێت بە زۆرەملێ دەرگای ناوەندەكانی خوێندن بكەنەوە".
بەڵام مامۆستایانی ناڕازی  ئەو هەوڵە بە هەوڵێكی نەزۆك ناودەبات و دەڵێت، بایكۆت پرۆسەیەكی خۆرسكی مامۆستایانە و گیرفانی بەتاڵیان و ستەمكاریی دەسەڵات پێی كردون و لقی سلێمانیی یەكێتیی مامۆستایان لە بەیانێكی فەرمیدا بڕیاری لێداوە، "ئێمە لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی وەكو هەمیشە پشتیوانیی ئەم هەڵویستەی مامۆستایان دەكەین و بە بەرپرسانی پەروەردە و حكومەت دەڵێین، مامۆستایان بە بڕیاری  ئێوە بایكۆتیان نەكردوە تا بە بڕیاری ئێوە بیشكێنن".
دوپاتیانكردوەتەوە، كە چاوەڕوانی هەڵوێستی نوێی لایەنە پەیوەندیدارەكانی پەروەردە و حكومەت دەكەن، كە بڕیارە ڕوژی یەكشەممە 1-11 ڕایبگەیەنن، ئەو بڕیارە ئەگەر لە بەرژەوەندیی پرۆسەی پەروەردەدا نەبێت و داواكاریی مامۆستایان و قوتابیان لەبەرچاو نەگیرێت، بێ دەنگ نابن و هەڵوێستی توندیان دەبێت و ناڕەزایەتی و چالاكییەكانیان دەستپێدەكەنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group