عیراق سێ ساڵ دوای راگەیاندنی سەركەوتن بەسەر داعشدا

10/12/2020

نەوا
دوای سێ ساڵ بەسەر راگەیاندنی سەركەوتن بەسەر رێكخراوی تیرۆریستیی داعشدا، شانە نهێنییەكانی رێكخراوەكە ئێستاش توانای هێرش و ئەنجامدانی كردەی تیرۆریستییان هەر ماوە و ماوە ماوە پەلاماری هێزە ئەمنییەكان دەدەن.

گومانەكان بۆ جارێكی دیكە پەرەسەندنی چالاكییەكانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە عیراق، نیگەرانی بە هێزە ئەمنییەكان و كۆمەڵگای عیراقی بەدیارخستووە و سەرەڕای هەموو هەوڵەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی كردە تیرۆریستییەكانیان، چەكدارانی ئەو رێكخراوە لە ژمارەیەك ناوچەی عیراق توانای پەلاماردانیان هەستی پێ دەكرێت.

داعش لە 10ی حوزەیرانی 2014دا، زۆرترین هەژموونی خۆی بە داگیركردنی مووسڵ نیشاندا و دواتر خەلافەتەكەی راگەیاند.

ناڕەزایەتییەكانی پەنگخواردووەی كۆمەڵگای عەرەبی سوننە لە عیراق و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتی شیعە لە ناوچە سوننە نشینەكان، هانی سوننەكانی دەدا كە لە چوارچێوەی گرووپ و لایەنی سیاسیی و چەكداریی جۆراوجۆر دژایەتی حكوومەتی تازە دامەزراوی عیراق بكەن، ژمارەیەك لە گرووپە سوننەكان بەیعەتیان بە بەرفروانترین رێكخراوی چەكداریی ناڕازی لە ناوچەكە (داعش) دا، بەڵام هەر زوو سوننەكانی عیراق هەستیان بە مەترسی داعش كرد و دژ بەو رێكخراوە چەكدار بوون.

شەڕی داعش بە رواڵەت سێ ساڵ و نیوەی خایاند و ئاكامەكەی وێرانی و ئاوارەبوونی بە تایبەتی ناوچە سوننە و كوردنشینەكان بوو. زۆرترین زیانمەندی كردە تیرۆریستییەكانی داعش خەڵكی هەر یەك لە پارێزگاكانی ئەنبار، سەڵاحەددین، نەینەوا، دیالە و كەركووك بوون كە زۆرینەی دانیشتوانیان عەرەبی سوننەن.

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عیراق، لە نۆی كانوونی یەكەمی ساڵی 2017 كۆتاییهاتنی داعشی لە رووی سەربازییەوە راگەیاند و ئەوە وەك مژدەیەك بە خەڵكی عیراق راگەیەندرا و ساڵانە ئەو رۆژە لە سەرانسەری عیراق بە پشووی فەرمی یادی دەكرێتەوە.

لە 27ی تشرینی دووەمی 2019 سەركردەی داعش ئەبوبەكر بەغدادی لە ئۆپەراسیۆنێكی تایبەتی سوپای ئەمریكا لە پارێزگای ئیدلب باكووری رۆژئاوای سووریا، كوژرا و ئەوە بە گورزێكی كوشندە بۆ رێكخراوەكە پێناسە كرا. ئەگەر چی جێگرەوەی بەغدادی وەك ئەو دەنگدانەوەی نەبووە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نەبوو كە رێكخراوەكە كۆتایی پێبێت.



 ئەگەرچی هۆكارەكانی دووبارە پەرەسەندنەوە داعش لە عیراق زۆرن، بەڵام گرنگترین ئەو هۆكارانە ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییە عیراقییەكانن كە لە چەند ناوچەیەك بۆشایی ئەمنی هێزەكانی لێكەوتووەتەوە و رمبازێنی داعشی بەدوای خۆیدا هێناوە. ئەوە جگە لە دۆخی ئابووری ئەو ناوچانەش كە داعش كەڵك لە ناڕەزایەتییەكانیان وەردەگرێت و دژبە حكوومەتی ناوەندی بەكاریان دەهێنێت.

ئێستا دوای سێ ساڵ چاوەكان لەسەر سەرۆكوەزیرانی عیراق، مستەفا كازمی-یە كە باس لە بەرنامەیەكی نوێ و چاكسازیی لە كۆی سێكتەرە كارگێری و ئەمنی و ئابووری عیراقدا دەكات. ئەزموونی مستەفا كازمی تا ئێستاش لەلایەن كۆمەڵگای عیراقەوە چاودێری دەكرێت و نیشانەكەشی كۆتایی هاتنی مەدەنیانەی ئەو خۆپیشاندانانە بوو كە لە ساڵڕۆژی خۆپیشاندان بۆ كۆتاییهاتن دەسەڵاتی عادل عەبدولمەهدی لە عیراق ئەنجامدرابوو. خۆپیشاندەران بە خواستی خۆیان تەنها بۆ چەند رۆژێكی دیاریكراو بۆ جەختكردنەوە لەسەر خواستی چاكسازی لە وڵاتەكەیان لە گۆڕەپانی شارە گەورەكان گردبوونەوە و دواتر كۆتاییان پێ هێنا.

پێدەچێت مستەفا كازمی تەواوكردنی ئەركەكانی لە هەڵبژاردنی شەشی حوزەێرانی ساڵی داهاتوودا ببینێت كە بەڵێنی ئەنجامدانەكەی بە خەڵكی عیراقی داوە بۆ كۆتاییهاتنی یەكجاری بە ناڕەزایەتییەكان. ئەو ناڕەزایەتییانەی كە جاروبار بە كەڵكواژوو كردن و خراپ بەكارهێنانی، بیری توندوتیژی و ئیرهابی لێكەوتووەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group