قۆناغەكانی ئامادەكردنی گۆشتێكی تەندروست بۆسەر خوانەكان

26/12/2020

نەوا
سامانی ئاژەڵ پێكهێنەرێكی سەرەكی كەرتی كشتوكاڵە و بە دووەم سەرچاوەی ئەو كەرتە دادەنرێت لە دوای بەروبوومی دانەوێڵە، سەوزە و میوە، هەروەك سەرچاوی دابینكردنی گۆشتی سەر سفرە و خوانەكانی هاووڵاتیانە، بەشدارییش دەكات لە كەرتی پیشەسازی وەك كەرەستەیەكی خاو.
بەهۆی ئەوەی سەربڕینی ئاژەڵ بەمەبەستی گۆشتەكەی تا ئێستا لە چەندین شار و شارۆچكە بە فلتەری پزیشكی ڤێتەرنەریدا تێپەڕنابێت، دەكرێت زیانەكانی ئەو گۆشتە دەیدات لە بەشێكی كۆمەڵگا زیاتر بێت و ببێتەهۆی بڵاوبوونەوە و گواستنەوەی چەندین نەخۆشی لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ.
كوشتارگەی سلێمانی (20 كیلۆمەتر باشووری خۆرهەڵاتی سلێمانی)، رۆژانە لە دوو هەزار بۆ سێ هەزار سەر ئاژەڵی گەورە و بچووك دابین دەكات بۆ ناو شاری سلێمانی، كە زۆربەیان بەسەر گۆشتفرۆشەكاندا دابەش دەكرێن.
پرۆسەی سەربڕین، پشكنین و بەتەندروستییكردنی گۆشتەكان بەوردی لەو كوشتارگەیە بەڕێوەدەچێت.
چەندین تیمی پزیشكیی ڤێتەرنەری و كرێكار لە كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت كاری پشكنین، سەربڕین و پاككردنەوەی گۆشتی ئاژەڵ ئەنجام دەدەن لە پێناو بەدەستخستنی گۆشتێكی تەندروست و سەلامەت بۆ هاووڵاتییان.



لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ، دكتۆر شاڵاو عارف بەرپرسی بەشی ڤێتەرنەری لە كوشتارگەی سلێمانی، ئاماژە بەوە دەكات پێش دەستپێكردنی پرۆسەی سەربڕین، شەش كاتژمێر ئاژەڵەكان گل دەدرێنەوە و تەنها ئاویان پێ دەدرێت بۆ ئەوەی هێور ببنەوە و گلایكۆجینی لەشیان بەكارنەیەت، چونكە ئەگەر بەكارهات دەبێتە ترشی لاكتیك، ئەمەش وا دەكات خوێنی لەشی ئاژەڵەكە بەباشی دەرنەچێت و دواجار میكرۆب و ڤایرۆس لە لەشی ئاژەڵەكەدا گەشە دەكات.
وتیشی ''ستافێكمان هەیە پێش سەربڕین پشكنین بۆ ئاژەڵەكان دەكات دوای دەرچوونیان، ئاژەڵەكان بەڕێ دەكرێنە ژوورەوە بۆ سەربڕین، ئەوانەشی شیاوی سەربڕین نین، وەلا دەنرێن و نابێت بەهیچ جۆرێك سەر ببردرێن. دواتر پرۆسەی سەربڕین دەستپێدەكات و جارێكی تر تیمەكانمان پشكنین بۆ لاشەی ئاژەڵە سەربڕدراوەكە دەكەنەوە بۆ ئەوەی هیچ جۆرە بەكتریایەكی زیانبەخش تێپەڕ نەبێت. دوای شووشتنەوەی بەرەو بەڕادەكان بەڕێ دەكرێن. لەوێش 12 سەعات دەهێڵدرێنەوە. بۆ ئەوەی ترشی لاكتیك ئەگەر لە جەستەیدا مابێت لای بەرێت و هەرچی جۆرە میكرۆبێك ئەگەر مابێت تێیپەڕێنێت، هاوكات كوالیتیەكی باش دەداتە گۆشتەكە لە رووی تام، بۆن و رەنگەوە".
ناوبراو ئاماژە بەوە دەكات ئەو ئاژەڵانەی رەتكراونەتەوە، لەناودەبرێن و دەسووتێنرێن، تاوەكو هیچ زیانێكی تەندروستییان لێنەكەوێتەوە.
لای خۆیەوە محەمەد محێدین ساڵح بەڕێوەبەری كارگێڕی كوشتارگەی سلێمانی، ئاماژە بەوە دەكات پرۆسەی سەربڕینەكە حەوت كاتژمێری پێدەچێت، بەڵام ئامادەكردنی گۆشتێكی تەندروست زیاتر لە 24 كاتژمێری پێدەچێت.



محەمەد محێدین ساڵح دەڵێت ''پرۆسەكە سەعات حەوتی بەیانی دەستپێدەكات كاتێك تیمی ڤێتەرنەری دوای گلدانەوەی سەر ئاژەڵەكان رەزامەندی نیشان دەدەن لەسەر سەربڕینی ئاژەڵەكان، بزانن ئاژەڵی دووگیانی تێدایە، یان نەخۆش دواتر ئێمە دەست دەكەین بەكاری خۆمان و ئەگەر رەزامەندی نەدرێت لەسەریان، ئەوا ئێمە رەتی دەكەینەوە".
بەڕێوەبەری كارگێڕی كوشتارگەی سلێمانی سەبارەت بە نرخی سەربڕینی ئاژەڵی گەورە و بچووك لە كوشتارگەكە بەشێوەیەكی تەندروست و گواستنەوەیشی بۆ ناو شار، وتی ''بۆهەر سەر ئاژەڵێكی بچووك ئێمە شەش هەزار وەردەگرین، شەو سەعات 11 بەبەرادەوە بەشۆراوی گۆشتەكە دوای مۆركردنی لەلایەن تیمەكانی تەندروستی ڤێتەرنەرییەوە، دەبرێتە بەردەم دووكانەكانی گۆشتفرۆشی. بۆ وڵاخی گەورەش كە زۆر زەحمەتییان هەیە بۆ ئێمە لەكاتی سەربڕینیاندا و زۆربەیان لە دەرەوەی وڵاتەوە دەهێندرێن، بۆهەر سەر ئاژەڵێك 30 هەزار وەردەگرین، بە سەربڕین، پشكنین، مۆركردن، پاككردن و شووشتنەوەی و گواستنەوەی بە بەڕادەوە بۆ نێو دوكانەكان".
محەمەد محێدین ساڵح سەبارەت بە خستنەبازاڕی گۆشت و كاری رۆژانەیان دەڵێت ''لە جەژنەكاندا دوو هەزار و 800 ئاژەڵی بچووكمان سەربڕیوە لە رۆژێكدا. بانگی بەیانی دەستمانپێكردووە و بە 48 سەعات یان 24 سەعات كارەكانمان تەواوكردووە، بەڵام ئاژەڵی گەورە 200 بۆ 250 سەر وڵاخمان سەربڕیوە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group