بافڵ تاڵەبانی: كاری لەپێشینەی یەكێتی مووچەی خەڵكە

01/01/2021

نەوا
هاوسەرۆكی یەكێتی رایگەیاند، لە ساڵی نوێدا كاری لە پێشینەی حزبەكەی هەوڵدانە لە پێناو دابینكردنی موچەی خەڵك بۆ ئەوەش بەردەوام دەبن لە دانوستان لەگەڵ بەغدا.
بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی 2021 پەیامێكی بڵاوكردەوە و وێرای پیرۆزبایی، رایگەیاندووە: قەیرانی ئابووری كە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە دژوارتر بوو، هەرێمی كوردستانی بە دۆخێكی زۆر سەختدا برد و  وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەوڵەكانیان چڕ دەكەنەوە بۆ باشتركردنی دۆخی ئابووری و تەندروستی و ئارامی خەڵكی كوردستان.
راشیگەیاندووە، كاری لەپێشینەی یەكێتی مووچەی خەڵكە، بۆ ئەوەش هەوڵەكان زیاتر دەكەن لە دانوستاندن لەگەڵ بەغدا بۆ مسۆگەركردنی ماف و شایستە داراییەكان.
 لە درێژەی پەیامەكەیدا بافڵ تاڵەبانی دڵنیایی دەدات و دەڵێت:  هەوڵەكان بەردەوامدەبن لەپێناو كوردستانێكی ئارام و خۆشگوزەران، بۆ ئەوەش دەبێت سەرجەم لایەنەكان و ئاینەكان یەكدەنگ و هاوكاربن و پێكەوە لە ساڵی نوێدا كوردستان ببەنە قۆناغێكی تازەوە و كوردستانیان ژیانێكی شایستەیان هەبێت، بە هەماهەنگی و هاوكاری هەموو حزب و لایەنەكان كوردستان  دەپارێزن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group