دادگا داوای هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌ دوو په‌رله‌مانتاری گۆڕان ده‌كات

11/01/2021

نه‌وا
لەسەر بڵاوکردنەوەی ژمارەیەک دۆسیە له‌ باره‌ی بوونی قاچاخچێتی لە خاڵە سنورییەکان، لەسەر سکاڵای مەرزی باشماخ، دادگای لێکۆڵینەوەی پێنجوێن داوای هەڵگرتنی پارێزبەندیی لە دو پەرلەمانتاری گۆڕان دەکات و ئه‌و دوو په‌رله‌مانتاره‌ش ده‌ڵێن، سورن له‌سه‌ر قسه‌كانیان و ئاماده‌ن بچنه‌ به‌رده‌م دادوه‌ر.
لە دو نوسراوی جیاوازدا کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کراوە، دادگای لێکۆڵینەوە پێنجوێن، لەسەر سکاڵای بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ، داوا پەرلەمان دەکات کە پارێزبەندیی لەسەر هەردو پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان عەلی حەمەساڵح و دابان محەمەد هەڵبگیرێت بەمەبەستنی گرتنەبەر رێکاری یاسایی بەرامبەریان بەپێی مادەی (433/1) لە یاسای سزادانی عێراقی.
لەبارەی سکاڵاکەوە، عەلی حەمەساڵح رایگەیاند: جارێکی دیکە دەیلێمەوە قەبارەی قاچاخی مانگانە لە باشماخ 55 ملیۆن دۆلار زیاترە، لە جگەرە و ئۆتۆمبێلی رێگەپێنەدراوەوەتا چپس و ھێلکەو فەرش و کەرەستەی کارەبای، تا  بزن و مەڕو پاککەرەوە باقاچاخ داخڵ دەکرێ.
جەختی کردوەتەوە کە؛ ھیچ دادگایەک جورئەتی نەکرد بڕیاری گرتن بۆ قاچاخچیەکان دەربکات، بەڵام من لەسەر باسکردنی دەبێت بچمە دادگا، دڵنیابن بێدەنگ نابم.
هەر لەوبارەیەوە، دابان محەمەد پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان رایگەیاند: پێکەوە دەچین بۆ دادگا بەڵگە لە ئێمە و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی سەدان ملیۆن دۆلار لە ئێوە، تەواوی دۆسیەکانمان رادەستی داواکاری گشتی کردوە، ئامادەین بۆ هەر سکاڵایەکی تر لە هەر دادگایەکی تر بێت، ئێوەش ئامادەبن بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی سەدان ملیۆن دۆلار کە بە دانپێدانانی بەرپرسانی باڵای هەرێم لای ئێوەوە و بەهۆی قاچاخیەوە نەگەڕاوەتەوە وەزارەتی دارایی.
رۆژی 28-11-2020 عەلی حەمەساڵح و دابان محەممەد، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پۆستێکیان لەبارەی "قاچاخچێتی" لە دەروازەی سنووری باشماخ کردبوو "قاچاخچێتی دەسەڵاتداران لە باشماخ بەشێوەیەکی مەترسیدار زیادیکردووە، رێگا نادرێت بارھەڵگرە کوردەکان ھیچ بارێک داخڵی کوردستان بکەن (نزیکەی ھەزار بارھەڵگرن) ئامانجەکەش ئەوەیە زانیارییەکان ئاشکرا نەکەن".
 ئەو دوو پەرلەمانتارە ئاماژەیان بەوەشکردبوو: "ئێستا ھەر شتێک گومرگەکەی گران بێت یان قەدەخە بێت بە قاچاخ دێت، کارتۆنی بەتاڵ، بارھەڵگرێک بە دوو ملیۆن و 400 هەزار دینار، چبس بە دوو ملیۆن دینار، خورما، مریشک، ھێلکە، فەرش، پێوەری کارەبا، دۆشاو، پاککەرەوە، شامپۆ، کەرەستەی کارەبا و ئۆتۆمبیل". 
 بە وتەی ئەو دوو پەرلەمانتارە "تائێستا 16 ھەزار ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێل 2018 بە قاچاخ هێنراوە و قازانجەکەی 103 ملیۆن دۆلار بووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group